پێویستە هەموو لایەنەکان بۆ ڕێگریکردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هەوڵ بدەن

بەشی تورکیا- نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و وه‌زیری به‌رگری و سوپاسالاری تورکیا هاوڕابوون له‌سه‌ر پێویستی ڕێگریکردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و لێکه‌وته‌کانی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، پێشوازیی له‌ یاشار گوله‌ر وه‌زیری به‌رگریی تورکیا و مه‌تین گوراک سوپالاری تورکیا کرد و له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ باڵیۆزی تورکیا له‌ عێراق ئاماده‌ی بوو، په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێم و هاریکاریی هاوبه‌شی نێوانیان، دۆخی ئه‌منیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، دوایین پێشهاته‌کانی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌کان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌گه‌ر و لێکه‌وته‌کانی، تاوتوێ کران و بیروڕایان له‌باره‌یانه‌وه ئاڵوگۆڕ کرد.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی هاریکاریی هاوبه‌شی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه‌ بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌که‌ و پاراستنی ئاسایشی سنووره‌کان، هه‌روه‌ها هاوڕابوون له‌سه‌ر پێویستی و هه‌وڵدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ ڕێگریکردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و لێکه‌وته‌کانی.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، داکۆکیکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و دراوسێیه‌تیی باش، دوایین پێشهاته‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانی داعش له‌ ناوچه‌که‌ و چه‌ند پرسێکی دیکه‌ی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.

پاش ئه‌وه‌ی وه‌زیری به‌رگری تورکیا شه‌وی ڕابردوو به‌سه‌ردانێکی فه‌رمی گه‌یشته‌ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان کۆ ده‌بێته‌وه‌  و بڕیاریشه‌ زنجیره‌یه‌ک دیدار و کۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام بدات.

News Code 223019

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha