هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووریدا دەڕوات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، پێویستە لە هەرێمی کوردستان چارەسەری کێشە و گرفتە ناوخۆییەکان بهێنرێت و ناکۆکییە حزبییەکان وەلابنرێت و بەرژەوەندی گشتی پێشبخرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بە بۆنەی 30 ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەوە بڵاویکردەوە، هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەختی سیاسی و ئابووریدا تێپەڕدەبێت، پەرلەمانی ماوەبەسەرچوو لەکارخراوە، حکوومەتیش هەر ماوەبەسەرچووە، بەمەش شەرعیەتی دەسەڵات لەژێر پرسیاردایە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دیار نییە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها لە بەرئەنجامی ئیدارەدان و بەرێوەبردنێكی نادروست و كەڵەكەبوونی کێشەکان و خەمساردی لە چارەسەرکردنیان، چەندین قەیرانی دارایی و بنبەستی سیاسی و شڵەژانی ئەمنی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و كێشەی كارگێڕی و خراپی خزمەتگوزاری و بێ‌ئومێدی سەریهەڵداوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، خەڵک لە دۆخێکی ژیان و ئابووری و دارایی سەخت و دژواردا دەژین، ئەویش بەهۆی زۆرىی باج و خەراجی سەرشانی هاوڵاتیان و دابەشنەكردنی سێ مووچەی ساڵی رابردو.

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، کە زیاتر لە چوار مانگە لە دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە بەردەوامە، بێ ئەوەی داوا رەوا و یاساییەکانیان بۆ جێبەجێبکەن، بەوەش باری سەرشانی مامۆستایان و موچەخۆران ئەوەندەی تر قورس بوە و درزی نێوان جەماوەر و دەسەڵات فراوانتر بوە، گەیشتۆتە ئاستێک، ئەگەر بە خێرایی رێگەچارەی پەلە و كرداری و جددی نەگیرێتەبەر و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد نەکرێت، رەوشەكە دژوار و ئاڵۆزتر دەبێت، لە ئێستادا خەڵک بەگشتی لەوپەڕی کەمدەرامەتی و هەژاری و بێئومێدی دایه‌، پێویستە لەوە زیاتر گرێی دەست نەخرێتە ددان .

لە ڕاگەیەنراوی یەکگرتوو باس لەوەشکراوە، له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ڕه‌وشی عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان، قه‌یراناوی و مه‌ترسیداره‌، زیاتر لە چوار مانگە قەوارەی زایۆنیزم لە پێش چاوی جیهان و بەژێرپێخستنی هەمو یاسا و بەها مرۆیی و نێودەوڵەتیەکان هاوڵاتیانی غەززە و فەلەستین کۆمەڵکوژ و جینۆساید دەکات، خەڵکی غەززەش درەوشاوەترین نمونەی خۆراگری و قوربانیدان و فیداکاری پێشکەش دەکەن، پشت بەخوا سەرکەوتنی گەورە چاوەڕوانی غەززەیە.

ئەوەش ئاشکراکراوە، هه‌رێمی كوردستان بە بیانووی ناڕەوا و جیاجیا درۆن و مووشک باران دەکرێت و له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی جددیدایه‌ و بۆته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستانەوە، به‌ نیگه‌رانیه‌كی قووڵه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م دۆخه‌ ده‌كه‌ین و ده‌خوازن ده‌سه‌ڵات و بڕیار به‌ده‌ستانی هه‌رێم به‌وپه‌ڕی جددی و به‌رپرسیارانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی ئەم دۆخە هەستیارە بکەن و هه‌نگاوی خێرای چاره‌سه‌كردنی بنێن.

ئاماژە بەوەشکراوە، به‌ هه‌مان شێوه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرفته‌ ناوخۆییه‌كانیش بكه‌ن و ناکۆکییە حزبیەکان وەلابنێن، هەروەها بەرژەوەندییە گشتییەکان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکان، ئاشکرایە کە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی پێویستییەكی هەنوكەییە بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان.

News Code 223015

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha