بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیاکانی هەرێمی کوردستان دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە لاهوور شێخ جەنگی حزبێکی تازەی دامەزراندووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا میدیاکانی نزیک لە ناوبراو هیچ وەڵامێکی ئەو دەنگۆیانەیان نەداوەتەوە.
لەمبارەیەوە هاوڕێ پەنا، پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی کە بە کەسێکی نزیک لە لاهوور جەنگی ناسراوە، بە باسنیووزی ڕاگەیاندووە: "من لە پرسەی برازامم، بەڵام شەو باسیان لەوە کرد کە بە فەرمی کاک لاهوور جەنگی بەرەیەکی بۆ هەڵبژاردن تۆمار کردووە، بە ناوی بەرەی نیشتمانیی کوردستان".
ڕوونیشی کردەوە: "لاهوور جەنگی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆی ئامادە دەکات، هەروەها لیستیشی دەبێت، هەر کەسێک بچێتە پرۆسەی سیاسییەوە، کێبڕکێ لەگەڵ حزب و لایەنەکانی دیکە دەکات، ئیش بۆ کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان و گەنجان و خەڵکی بەشمەینەت دەکات".
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ لیستەکەی لاهوور جەنگی کاریگەریی لەسەر کوێ دەبێت؟ هاوڕێ پەنا گوتی: "لە راستیدا کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەت دەڤەری سەوز و ناوچەی سنووری دەسەڵاتی یەکێتی دەبێت، کاک لاهوور خۆی یەکێکە لە ناڕازییەکان، دەیان و سەدان سەرکردەی دیار و دێرینی یەکێتی، بە سەدان و هەزاران کادیر و تێکۆشەری یەکێتی لەم بارودۆخەی ئێستای حزبەکە و سیاسەت و پەیڕەوەکەی ناڕازین، پێیان وایە یەکێتی کار لەسەر ئەو ئامانجە باڵایانە ناکات کە بۆی دامەزراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە درەنگانی شەوی ڕابردوو پێگەیەکی نزیک لە لاهوور جەنگی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسینێکی بڵاو کردووەتەوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵێکی زۆری لەگەڵ چەندان لایەن لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێرانیش داوە تاوەکوو ڕێگە نەدرێت لاهوور جەنگی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لیستی هەبێت.
Your Comment