بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەفا محەمەد کەریم كادیری پێشكهوتووى پارتى لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی "بەغداد ئەلیەوم" وتوویهتى: "هەرێم لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە نەوتی هەناردە نەکردووە و تەنها داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەیە کە مانگانە بڕی ۳۲۰ ملیار دینارە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "هەرێم جگە لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان هیچ داهاتێکی نییە بیگەڕێنێتەوە و ئەو داهاتانەش لە پشکی هەرێم لە بوودجە دەبڕدرێت کە بڕی ۱۶ ترلیۆن و ۴۰۰ ملیار دینارە".
هەروەک وەفا محەمەد کەریم وتوویەتی: "بڕی ۹ ترلیۆن دینار لە پشکی هەرێم بڕدرا، ئەمە جگە لە پشکی هەناردەکردنی نەوت بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هەروەها هەموو ئەو قەرزانەی کە ڕەوانەکرابوون، کەواتە چی ڕادەستبکەین کە هیچمان نەبێت، تەنانەت ئەو پێشینە داراییانەی کە دەنێردرێت بەس نین بۆ دابین کردنی مووچە، بۆیە دەبێت لە باج و داهاتە ناوخۆییەکانی ترەوە پارەی مووچە تەواو بکرێت".
لیژنەی دارایی پەرلەمانیش لە زاری تەیف سامی وەزیری داراییەوە ڕایگەیاندبوو، "هەرێم لەساڵی ۲۰۲۳دا هیچ داهاتێکی دارایی نەگەڕاندۆتەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵی، تەنها رۆژانە ۵۰ هەزار بەرمیل نەوتی بۆ پاڵاوتگەکانی حکوومەت دابین کردوە".
كادیرهکەی پارتى ئهوهشى باس كردووه، "ئەو ۵۰ هەزار بەرمیلە یەکسانە بە نزیکەی ۱.۷ ترلیۆن دینار لە ماوەی ساڵێکی تەواودا، کە یەکسانە بە۱۰%ى پشکی کوردستان لە بوودجە، لە کاتێکدا هەرێم تەنها بڕی نزیکەی ۶ ترلیۆن دیناری بۆ پێدانی مووچە، بەقەرز وەرگرتووە".
Your Comment