بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حاکم قادر حەمەجان ئەندامی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداری کردنی لە سیمینارێکی پزیشکی کە بۆ بەشە جیاوازەکانی پزیشکی و گەنجان و لاوان لە ھۆڵی خاک سازکرابوو وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، دەرفەتی داوەتە دەست نەیاران و دوژمنانی گەلی کوردستان و ئەزموونەکەمان کە گورزی کاریگەر لە ئەزموونەکە بدەن بە مەبەستی نەھێشتنی و بەم پەرتەوازییەی نێوان لایەنەکان، هیچ لایەک توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی نەماوە و هەموومان وەک تەماشاڤان دەردەکەوین، لە کاتێکدا دەبوایە پێکەوە بە گوتار و ستراتیژییەکی هاوبەش ڕووبەڕووی تەحەدییەکان ببووینایەتەوە.
لە بارەی مووچەشەوە ڕایگەیاند، دەبێت سنوورێک بۆ یاری کردن بە قوتی هاوڵاتیان و بە سیاسیی کردنی پرسی مووچە دابنرێت، ناکرێت چارەنووسی هاوڵاتیان بە کێشە سیاسییەکانەوە ببەسترێتەوە، دەبێت حکوومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی دابین کردنی مووچە هەڵبگرێت و بیانوو نەداتە دەست بەغدا تا بتوانن بە ئارەزووی خۆیان بڕیار لە ناردنی مووچە و قوتی هاوڵاتیان بدەن.
Your Comment