هێرشەکانی سەر هەولێر کۆدەنگیەکی گەورەی لە ناوخۆی هەرێم دروست کردووە

بەشی جیهان- وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هێرشە ناڕەواکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی دروست کردنی "کۆدەنگیەکی گەورەی ناوخۆیی".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "هێرشەکە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست کرد، بە تایبەت لەسەر ڕای گشتی لە هەرێم. واتە ئەم بابەتە وەک شتێکی ئاسایی و ململانێیەک سەیر ناکرێت، ئێستا هەرێمی کوردستان هەمووی هاوڕایە بە هەموو بیر و ڕا جیاوازەکانەوە، بە وانەشەوە کە سیاسی نین، پێیان وایە هێرشەکان کارێکی ناڕەوان".

ناوبراو وتیشی، "سەرۆکایەتی هەرێم بە تەقدیرەوە لە هەموو هەڵوێستەکان دەڕوانێت. بۆچوونی ئێمە وایە دەبێت ببێتە هەنگاوێک بە ئاڕاستەی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بەوەی لەیەک نزیک ببینەوە".

لەدوای هێرشەکە، بەرپرسانی باڵای هەرێم و حزبە سیاسییەکان چەندین هەڵوێستی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە؛ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە ڕایگەیاند: "هەڵویستی خودی عێراقیش جێگەی تەقدیرە. سەرۆک وەزیران هەڵوێستێکی ڕاشکاو و ڕوونی هەبووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵوێستی دەوڵەتی بە ڕوونی ڕاگەیاندووە، هەرچەندە ئەوە ئەرکە بەرامبەر بە پارێزگاری کردنی سەروەری عێراق، بەڵام هاوکات هەڵویستەکە خاڵێکی ئەرێنییە".

دڵشاد شەهاب ڕاشیگەیاند، "هێرشەکە پێچەوانەی هەموو ڕێكکەوتنە نێودەوڵەتیەکانە، وە پێچەوانەی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵاتە، تەجاوزێکی گەورەیە لەسەر هەموو ڕێکەوتنەکان و عورفی دراوسێیەتی".

ناوبراو وتیشی، "ئەو شوێنانەی بە ئامانج گیراون بۆ هەموو دنیا دەرکەوت مەدەنین و ماڵی خەڵکی سڤیلە، لە خودی ئەنجامدەران زیاتر هیچ کەسێک بە کۆمێنتێکیش پشتگیری پاساوەکانی ئێران ناکات. منداڵیکی پەپوولە ئاسا لە بنکەی مووساد چی دەکات؟ هەموو نوێنەرایەتیەکان باوەڕیان بە پاساوەکان نییە".

دڵشاد شەهات دەشڵێت، "زۆر بەداخەوە بۆ دەوڵەتێکی دراوسێی خاوەن مێژوویەکی درێژ لە پەیوەندی دبلۆماسی، هەبوونی نوێنەرایەتی لە هەرێم و دانیشتنی بەردەوام، بە بێ پاساویکی گونجاو هێرش بکاتە سەر هەرێم. جێگەی نیگەرانیەکی گەورەیە".

وتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت هێرشەکان لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا نین و جەخت دەکاتەوە لەوەی پاساوەکانی بەرپرسان لە تاران جێگەی باوەڕ نین، "تەنانەت ئێرانیەکان خۆشیان لە هەرێم ئەو ڕاستییە دەزانن".

News Code 222899

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha