بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی هێرشەكانی سەر هەولێر پەیامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا هاتووە: "دڵمان لای هەولێر و هەولێرییەكانە، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆكانەی سەر شاری هەولێری خۆشەویست دەكەم كە تیایدا هاووڵاتییانی مەدەنی بوونە قوربانی، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییەكان دەكەم، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازم".
لاهوور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاند: "داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكەم ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بگرن، ئەركی حكوومەتی فیدراڵییە كە رێگە لەم پێشێلكارییانە بگرێت".
لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئەوەشی وتووە: "بەداخەوە ناكۆكی و دووبەرەكی نێوان لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان ئەوەندەی تر دەستی دوژمنانی كوردی واڵاكردووە كە زۆر بەئاسانی بتوانن پێشێلكارییەكانیان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، پێویستە لایەنە سیاسییەكان چیتر نەبنە داردەستی وڵاتان و جێبەجێكردنی ئەجندای ئیقلیمی بۆ لەناوبردنی ئەزموونەكەمان".
Your Comment