بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت بۆردوومانی شوێنی نیشتەجێبوون کراوە، لەوانەش ماڵی بازرگانی کورد پێشرەو دزەیی کە بووە هۆی شەهیدبوونی و برینداربوونی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی.
دەشڵێت، حکوومەتی عێراق ئەم هەڵسوکەوتە بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق دەزانێت، سوکایەتیکردنە بە دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە هەموو ڕێکارێکی یاسایی بەرامبەر دەگرێتە بەر، لەوانەش پێشکەشکردنی سکاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو چوارچێوەیەدا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی حکوومەت بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ پاڵپشتی هەڵوێستی حکوومەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پێدانی بەڵگە و زانیاریی دروست، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕادەگەیەنرێت بۆ ئاگادارکردنەوەی عێراق و ڕای گشتی نێودەوڵەتی لەسەر ڕاستییەکان و سەلماندنی درۆی بانگەشەی لایەنەکانی پشت ئەم کردەوە مەحکومانە.
Your Comment