بۆردوومانەکانی تورکیا لەکارکەوتنی ۷ وێستگەی کارەبای کوردستانی سووریای لێکەوتەوە

بەشی سووریا- بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە بۆ سەریان لە ماوەی ۲۴ کاتژمێری رابردوودا، حەوت وێستگەی کارەبا لە کوردستانی سووریا لەکار کەوتوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بۆردوومانەکانی تورکیا دووجار وێستگەی شاری کۆبانێیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە کارەبای ئەو شارە و ۴۰۰ گوندی سەر بە کۆبانێ پچڕان.

هەروەها فڕۆکەیەکی تورکیا وێستگەی گواستنەوەی کارەبای لە عەین عیسا لە گوندەواری ڕەققە بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە کارەبای ئەو وێستگەیە و ۱۵۰ گوندی سەر بەوێ پچڕان.

بە گوتەی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەریی خۆسەریی، لە قامشلۆ بۆردوومانەکەی تورکیا بۆ سەر وێستگەی کارەبا بووە هۆی ئەوەی کارەبای زیاتر لە سەدا ۶۰ی شارەکە و گوندەوارەکانی رۆژهەڵات ببڕدرێت.

لە عامودێ بۆردوومانەکە بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکە و ۹۰ گوند و لە ترپەسپیش بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکە و ۱۹۰ گوندی دەورووبەری.

درباسیەش لە باکووری حەسەکە بەهەمان شێوە بەر بۆردومانی تورکیا کەوتووەت و بەهۆیەوە زیان بە وێستگەی کارەبای شارەکە گەشت و کارەبای پچڕا.

لە کاتژمێرکانی درەنگانی ئەمشەودا، تورکیا وێستگەی غازی سوەیدییەی لە گوندەواری دێریک بۆردوومان کرد، کە وزە بۆ دەیان وێستگەی گواستنەوەی کارەبای دابین دەکات.

News Code 222873

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha