بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چیاکورد لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "هێرشەکانی تورکیا بەشێکن لەو شەڕی قڕکردنەی، کە حکوومەتی تورکیا لە دژی پێکهاتەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدات و هەوڵێکی بەردەوامە لەلایەن ئەوانەوە بۆ تێکدانی هاودەنگی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکان لە ناوچەکە و پرۆسەی سیاسی بە سەرۆکایەتی بەڕێوبەریی خۆسەریی".
ئاماژەی بەوە شکرد، ئەم هێرشانە بە "تاوانی جەنگی ڕێکخراو بەتەواوی دادەنرێن، هەربۆیە پێویستە کار لەسەر لێپێچینەوەی یاسایی و دادوەریی بەرپرسانی رژێمی تورکیا بکرێت".
ناوبراو جەختیشی کردەوە، کە "هەریەک لە ئەمریکا و ڕووسیا دەبێت فشار بخەنە سەر لایەنی تورکیا، بۆ ئەوەی دەستدرێژییەکانیان ڕابگرن و دووبارەی نەکەنەوە، هەروەها هێزەکانیان پابەندن بە مافی وەڵامدانەوە بۆ ئەو هێرشە دوژمنکارانەی لەو ناوچانەوە ئەنجام دەدرێن، کە تورکیا و میلیشیاکانی سەربە ئەنقەرە داگیریان کردووە".
چیاکورد لە پۆستەکەیدا داوای لە ئەمریکا و ڕووسیا کرد ئەم دۆسیەیە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بکەن و بڕیارێک بدەن لە دژی ئەو لایەنەی کە بڕیارنامەی ئاگربەست پێشێل دەکات کە ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە سووریا دەریچاندووە و لە بڕیارنامەی ۲۲۵۴دا هاتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە تورکیا بەردەوامە لە بۆردوومان کردنی کەرتی سنووری و ناوچەکانی هێڵی بەرکەوتن لە دێریکەوە لە رۆژهەڵاتەوە تا مەنبیج لە رۆژئاوای سووریا، بۆردوومانەکانیشی بوونەتە هۆی وێرانکاری ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ماڵ و موڵکی دانیشتووان و کەوتنەوەی قوربانیانی سڤیل و سەربازی.
Your Comment