هۆکارەکانی لاوازبوونی ئابووری ناوچە کوردنشینەکانی سووریا

بەشی جیهان- بەگوێرەی ڕاپۆرتە نوێکان، کۆڵەکە ئابوورییەکانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لەوان کشتوکاڵ، بەهۆی وشکەساڵی، داعش و شەڕی تورکیا لەدژی کوردەکان خەریکە لەناو دەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوایین ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا کە سەبەتەی خۆراکیی سووریاش دێنە ئەژمار، لە سێ ساڵی ئەخیردا گەیشتۆتە کەمترین ئاستی خۆی.

سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان و ناسا و چەند ڕێکخراوێکی دیکەی ئەورووپی وەکوو پاکس-ی هۆڵەندا، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە سووریا بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی ڕێژەی بارین بووە، بەڵام قۆزتنەوەی تورکیا لە ئاو وەکوو کارتێکی گوشار لەدژی کوردەکانی سووریا و هەروەها بوونی هەمیشەیی داعش لەو ناوچانە و هێرشە بەردەوامەکانی ئەنقەرە کاریگەرییان لەسەر لاواز بوونی ئابووری ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بووە.

هەروەها هێرشەکانی تورکیا بۆسەر سەرچاوە نەوتییەکانی کوردەکانی سووریا و بە ئامانگرتنی چەندین ژێرخانی گرینگی ئاو لەلایەن ئەو وڵاتەوە کۆڵەکە ئابوورییەکانی دیکەی کوردستانی سووریای لاواز کردووە.

تورکیا لە یەکەم هەفتەی مانگی ئاکتەوبردا نزیکەی ۱۵۰ پێگەی ئابووری و دەرمانیی لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا لەوان ۵۰ کێڵگەی نەوتی و پاڵاوگە و شوێنی گواستنەوەی سووتەمەنیی کردۆتە ئامانج.

بڕوای شرۆڤەکاران ئەمەیە کە، ئەگەرچی بەشێک لە قەیرانی ئابووری کوردستانی سووریا بەهۆی وشکەساڵیەوەیە بەڵام تورکیا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە لاواز کردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی کوردانی سووریا.

News Code 222859

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha