بەگیرفانی خاڵییەوە ناگەڕێينەوە هۆڵەکانی خوێندن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایانگەیاند دەسەڵات هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ و دەیەوێت ئیرادەی مامۆستایان بشکێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاو کردەوە و دەڵێن: "لەدوای خۆپیشاندانە فراوانەکەی شار و شارۆچکەکان و هەڵوێستی پێکەوەیی مامۆستایان و فەرمانبەران، لێرە و لەوێ دەسەڵات لەڕێگای بارەگایی حیزبی و بەکارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕو دەیەوێت ئیرادەی مامۆستایان بشکێنێت و بەبێ هیچ دەستکەوتێک بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، لە بەرامبەریشدا مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئیرادەیەکی بەهێزتر لە ڕابردوو بەڵێنی خۆڕاگری و ڕووبەڕوو بونەوەی فشارەکان دەدەن و هیچ کات ناچینە ژێر فشارەکانتان".

"دەتانەوێت لە پاڵ ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ خوێندن و منداڵی فەقیردا درێژە بەتاڵانکاریەکانتان بدەن و مامۆستایان بە گیرفانی خاڵی و دڵێکی شکاوەوە بەرنەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن" ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وا دەڵێن.

ئەوەشیان خستوەتەڕوو "هەر بۆیە دەمانەوێت لێرەوە ڕوو بکەینە ئەو بەڕێوبەرو بەرپرسە پەروەردەییە بەهەڵوێستانەی نەبونەتە بەشێک لە فشارەکان و پێیان بڵیین: ئێوە لەگەڵ خۆتان و پەیامی پەروەردەیتاندا ڕاستگۆن و داهاتوو ئەمەتان وەک شانازی بۆ تۆماردەکات، لە هەمان کاتدا بەو بەڕێوبەرو بەرپرسە پەروەردەییانەش کە بوونەتە بەشێک لە فشارەکانی دەسەڵاتی ستەمکارو بەزمانی هەڕەشەو سزا لەگەڵ مامۆستایاندا دەدوێن دەڵێین ئەوەی ئێوە دەیکەن درێژەدانە بەو ستەمکاریەی کە بوەتە هۆی بڕینی قوتی مناڵەکانمان و پشتیوانی ئەو بەرپرسانەیە کە هیچ باکیان بەژیانی هاوڵاتیان و کەرتە خزمەتگوزاریەکان نیەو تەنها چاویان لە بەردەوامی ئەو تاڵانکاریەیە کە بە شێوازێکی سیستماتیک ئەنجامی دەدەن".

لەبەشێکی تری رونکردنەوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە "مێژوو هەر جۆرە هەوڵێکی ناپەروەردەییانەو زمانی هەڕەشەی حیزبیانەتان وەک خاڵێکی ڕەش بۆ دەنوسێتەوە، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت ستەمێکی بێ وێنەو برسیکردنێکی ڕوونەو فشارکردنیش پشتیوانی ستەم و برسیکردنە".

"لێرەوە دەمانەوێ ڕوو بکەینە مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست و بڵێین بەئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئەو نامەو بڵاوکراوەو زمانی هەڕەشانە ببنەوە کە ئاراستەتان دەکرێن، چونکە ئەوەی بڕیارە سزابدرێت حکومەتێکی نابەرپرس و بەرپرسانێکی مشەخۆری گەندەڵن نەک مامۆستایەکی گیرفانخاڵی ستەم لێکراو، بەپێی یاساش بەرپرسی یەکەمی هەموو گرفتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە پابەندی ئەو گرێبەستە مەدەنیە نەبوە کە لە نێوان خۆیی و مامۆستاو فەرمانەردا هەیە، لە کاتێکدا مامۆستایان بە ئەرکی خۆیان هەستاون" ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەوەشیان وتووە.

News Code 222840

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha