بەرتەسک کردنەوەی ئازادی لە هەرێم گەیشتوەتە ئاستێکی خەتەرناک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی لەسەر دەستگیرکردنی خاوەن نانەواخانەکەی هەولێر بڵاو کردەوە و دەڵێت: ئەگەر دەسەڵات هێندەی ئەو نانەوایە هەستی بەرپرسیاریی هەبوایە، تێدەگەیشت چاکسازیی لە لووتکەی دەسەڵاتەوە دەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی ڕاگەیێندراوەکەی کۆمەڵ بەمشێوەیە:

لەو دۆخە پڕلە قەیرانەی کاربەدەستانی هەرێم کە بۆ خەڵکیان خوڵقاندووە، لە نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاریی و گرانی و گەندەڵی، لەبری بەخۆداچوونەوە و باش‌کردنی گوزەرانی خەڵک، بە ڕفاندن و زیندانی‌کردن وەڵامی هاوار و نیگەرانی هاوڵاتیان دەدەنەوە.

لە هیچ دەوڵەتێکی دونیادا نیە کەسێک تەنها لەبەر دوو وشە کە بەهۆی سەختی ژیانی هاواری لێ بەرز دەبێتەوە سزابدرێت.

بەرتەسک کردنەوەی ئازادی ڕادەربرین لە هەرێم گەیشتوەتە ئاستێکی خەتەرناک کە هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە!

ئێمە لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەستگیرکردنی  ئەو هاوڵاتییەی ئەمڕۆ توڕەیی خۆی دەربڕی کە پیشەی نانەوایە و  هەر هاوڵاتیەکی دیکەش کە تەنها بەقسە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت، شەرمەزار دەکەین و دەخوازین هەرچی زووە ئەو گەنجە ئازاد بکرێت و لەبری سزادانی هاوڵاتیان باشترە دەسەڵات سیستمی حکومڕانیەکەیان چاک بکەن و  ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان باش بکەن و مووچە دابین بکات.

ئێمە پێمانوایە ئەگەر دەسەڵات هێندەی ئەو نانەوایە هەستی بەرپرسیاریی هەبوایە، تێدەگەیشت چاکسازیی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دەکرێت و ئەمەی ئەوان دەستیان داوەتێ، توڕەیی هاوڵاتی زیاتر دەکات و بارودۆخەکە خراپتر دەکات.

News Code 222836

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha