بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێم وا لە مامۆستایان ناکات بگەرێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، ئەو بڕیارانەی حکوومەتی هەرێم لەبارەی یاداشتی مامۆستایانی ناڕازییەوە داویەتی دڵخۆشکەر نەبووە و لەلایەن مامۆستایانەوە پێشبینیکراو بووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرهەم مستەفا ئەندامی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بە خەندان-ی ڕاگەیاندووە: بڕیارەکانی حکوومەت بە هیچ شێوەیەک مامۆستایانی ناڕازی سەرسام نەکردووە و پێشبینییان دەکرد حکوومەتی هەرێم ئەو بڕیارانە بدات.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی هەرێم جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی مامۆستایانی مەرجدارکردووە بە ناردنی شایستەی دارایی و هەمواکردنەوەی یاسای بوودجەوە، ئەو پرسەش چارەنووسەکەی دیار نییە و لەوانەی پێنج بۆ شەش مانگی دیکە بخایەنێت.

بەرهەم مستەفا ئەوەشی خستەڕوو، بەو بڕیارانە مامۆستایانی ناڕازی ناگەرێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن و بایکۆت بەردەوام دەبێت، چوونکە بڕیارەکان مەرجدارن و پەیوەست کراون بە هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم بڕیاری‌دا لە ئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای بوودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغداوە،  پلەبەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەستپێبکاتەوە، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە شێوەی گرێبەست دابمەزرێن.

لە مانگی (ئەیلول/۹)ی ساڵی ڕابردوەوە مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و دانەمەزراندنیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندیان کردوە و لە خوێندنگەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان تا ئێستا پرۆسەی خوێندن دەستی پێنەکردووە.

News Code 222820

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha