سەرکردایەتیی کورد رێگه‌چاره‌ی دیکه‌ی ده‌بێت ئەگەر بەغدا هەنگاوی ئەرێنی هەڵنەگرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وته‌بێژی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هیچ گه‌شبینییه‌ک له‌ حکوومەتی فیدڕاڵ به‌دی نه‌که‌ن، رێگه‌چاره‌ی دیکه‌یان ده‌بێت و خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتییان و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان به‌ به‌رپرسیار ده‌زانن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان به‌ کوردستان ۲۴ی ڕایگه‌یاند، ساڵی ۲۰۲۳ ساڵێکه‌ سه‌خت بوو بۆ حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ هه‌رێمی کوردستان دروستی کردبوو و به‌سه‌ریدا سه‌پاندبوو.

وته‌بێژی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حکوومەتی عێراق به‌جددی کاری له‌سه‌ر بڕینی قووت و بژێوی هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان کرد، هاوکات له‌ ناوخۆیشدا ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیست یارمه‌تیده‌ر و رێنیشانده‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌و شێوه‌ سته‌مکارانه‌ ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و قه‌واره‌ سیاسی و ده‌ستوورییه‌که‌ی بکات.

پێشه‌وا هه‌ورامانی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاکێشا، حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان سه‌رباری هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ی له‌ ناوخۆ و له‌ عێراق له‌ دژی دروست ده‌کرێن، به‌ڵام هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری ماف و شایسته‌کانی نابێت و به‌رگری له‌ خه‌ڵک و قه‌واره‌ ده‌ستوورییه‌که‌ی ده‌کات و دژ به‌ هه‌ر جۆره‌ پیلانێکیان ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

وته‌بێژی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان ڕوونیشی کرده‌وه‌، کێشه‌ی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا ته‌نیا مووچه‌ نییه‌، به‌ڵکوو په‌یوه‌ندی به‌ ده‌یان مافی زه‌وتکراوی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ که‌ به‌غدا پێی ره‌وا نابینێت و حکوومەتی هه‌رێمیش ده‌ستبه‌رداریان نابێت و به‌ مافی خۆی ده‌زانێت داکۆکی لێ بکات. دووپاتیشی کرده‌وه‌، بابه‌تی مووچه‌ کرایه‌ بابه‌تێکی سیاسی بۆ بێزارکردنی حکوومەت و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان.

پێشه‌وا هه‌ورامانی تیشکی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، له‌ سه‌ره‌تای مانگی یه‌کی ساڵی ۲۰۲۴، کۆبوونه‌وه‌ی دیکه‌ له‌نێوان هه‌ردوو حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ ئه‌نجام ده‌درێت. ڕوونیشی‌کرده‌وه‌، ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامی کۆتایی ده‌بن و درێژخایه‌ن نابن وه‌کوو هه‌موو جاره‌کانی دیکه‌ و ئه‌و پشوودرێژییه‌یان نابێت که‌ حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان به‌رامبه‌ر به‌ به‌غدا هه‌یبوو.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش کرد، سه‌قامگیری عێراق په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌قامگیری هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان به‌ ئه‌نجام نه‌گات، ئه‌و نیمچه‌ئارامییه‌ی هه‌یه‌تی، نایمێنێت و لێی تێکده‌چێت. گوتیشی، له‌ هیچ سه‌رده‌مێکدا خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن حکوومەت و ڕژێمه‌کانی پێشووی عێراقدا به‌و شێوه‌یه‌ برسی نه‌کرا و پاره‌ و قووتی لێ نه‌بڕاوه‌، ته‌نانه‌ت کاتێک هه‌رێمی کوردستان قه‌واره‌یش نه‌بوو، ده‌ست بۆ پاره‌ و بژێوییه‌که‌ی نه‌براوه‌.

جه‌ختیشی‌کرده‌وه‌، شاندی هه‌رێمی کوردستان به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی دایناوه‌ له‌ ماوه‌ی رۆژانی ۶ بۆ ۱۰ـی مانگی داهاتوو سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات به‌تایبه‌ت بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌ و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاکێشا، ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گه‌شبینی له‌ دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌کان به‌دی نه‌که‌ن، ئه‌و کات حکوومەت و سه‌رکردایه‌تی کوردستان خۆی به‌ به‌رپرسیار له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و هاووڵاتییانی خۆی ده‌بینێت و ڕێگه‌چاره‌ی دیکه‌ی ده‌بێت.

News Code 222740

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha