بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: ئەوانەی وەکوو گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن؛ بەڕێوەبەری واگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ئەم ساڵ ۲۵%ـی گەشتیاران خەڵکی دەرەوەی عێراق بوون.
ئەوانەی دەستەی گەشتوگوزار بە سەردانیکار ناویان دەبات ئەو هاونیشتمانیانەن، لە شارێکەوە دەچنە شارێکی دیکە و سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و چەند کاژێرێک دەمێننەوە، بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، سەردانیکاران "بەشێکی زۆر کەم"ـی تۆمارکراوەکانی ئامارەکەی ئەم ساڵن.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات لە هەر چوار وەرزەکەدا گەشتیار بهێننە هەرێمی کوردستان. ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانی رابردوو تەنیا لە هاوین و بۆنەکاندا گەشتیاران سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.
شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و ۷۰۸ شوێن وەکو شوێنی گەشتیاری یان کارکردن لە بواری گەشتیاری تۆمارکراون کە بەمشێوەیەی خوارەوەن:
- ۷۱۴ کافتریا
- ۱۰ شاری یاری
- ۵۸۹ رێستۆرانت
- ۵۹۹ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری
- ۵۴ کۆمەڵگەی گەشتیاری
- ۴۶۰ هۆتێل
- ۲۸۲ مۆتێل
بەگوێرەی ئاماری دەستەکە، لە ۱۱ مانگی ساڵی ۲۰۲۱دا، چوار ملیۆن و ۹۳ هەزار و ۸۸۸ گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردسانیان کردبوو؛ ئامارەکە لە ساڵی ۲۰۲۲ گەیشتووەتە زیاتر لە ۶ ملیۆن گەشتیار.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێر و ناوچە گەشتیارییەکانی دەکەن؛ دواتر سلێمانی و پاشان دهۆک و هەڵەبجە دێن.
Your Comment