بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە سنووری پارێزگای نەینەوا ۱ ملیۆن و ۶۹۵ هەزار و ۵۶۶ کەس دەیانتوانی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بکەن، کەچی ڕێژەی بەشداری لە ۵۲% تێنەپەڕی و لەو ژمارەیە پارتی توانیویەتی ۱۲۷ هەزار و ۹۳۹ دەنگ بەدەست بهێنێت. بەپێی ئەو ئامارەش پارتی تەنها ۴ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوای مسۆگەر کردوە و بە کۆکردنەوەی دەنگە تایبەتەکان چاوی لە کورسییەکی ترە، بەڵام هیچ کاندیدێکی پارتی لە ناو شەنگال دەنگی پێویستیان نەهێناوە.
ماجد شەنگالی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕەتی دەکاتەوە دەنگی پارتی لە پارێزگای نەینەوا کەمیکردبێت بەڵکوو کەمبوونەوەی کورسیەکانی پارتی لە ۸ کورسییەوە بۆ ۴ کورسی گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێکی دیکە.
لە بارەی هۆکاری کەمبوونەوەی کورسییەکانی پارتی ماجد شەنگالی ئاماژە بەوەدەکات، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە ۳۹ەوە بۆ ۲۹ کورسی کەمیکردوە و سێ کورسیش دراوە بە کۆتاکان.
ئەوەشی خستەڕوو، هۆکارێکی دیکە بەشداریەکی زۆری دەنگدەری عەرەب بوو لە پرۆسەکەدا، چوونکە هەمووان دەزانن کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو دۆخی مووسڵ بەگشتی نالەبار بوو لە ڕووی ئەمنیەوە و بەهۆی هاتنی داعش دەنگدەری عەرەب نەیانتوانی وەک پێویست بەشداری هەڵبژاردن بکەن. بەڵام ئێستا ئەو گرفتانە نەماوە بۆیە عەرەب بەشداریان زیاتر بوو.
ماجد شەنگالی باسی لەوەشکرد، هۆکارێکی دیکە بونی پەکەکەیە لە شەنگال خەڵکە دەنگدەرەکە بە هۆی ئاوارەبوونیانەوە دابەش بوون بەسەر چەند شوێنێک و لەکاتی پرۆسەکە نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان، بەگشتی ئەوانەی دەنگیان دا زیاتر پیاوان بوون و ئافرەت کەمتر دەنگی دا و گەر پەکەکە نەبوایە لە شەنگال ئەوە خەڵکی دەگەڕانەوە و بەشداریان لە هەڵبژاردنەکە دەکرد.
Your Comment