کوردپرێس، درەو میدیا وردەکاری زیاتری لەبارەی مەرجی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەم راپۆرتەدا بڵاو کردۆتەوە
گرێبەستەکان دەستوورین
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕایگەیاند" ئەگەر گرێبەستەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکان هەموار بکرێنەوە، دەبێت بەڕەزامەندیی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بێت".
ڕۆژی ۸ی ئەم مانگە، کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دوبەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆ بوونەوە، داوای قەرزەکانیان لە حکوومەتی هەرێم کردەوە، مەترسی خۆیان نیشاندا لە دەستکاری کردنی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم، پێشنیازی ئەوەیان کرد پشکی خۆیان لە نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق بفرۆشن.
گرێبەستی کۆمپانیا بیانییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەم، واتا بەشێک لە بەرهەمی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەبەن، وەزارەتی نەوتی عێراق بەم جۆرە گرێبەستانە ڕازی نییە، دەیەوێت هاوتایان بکات لەگەڵ گرێبەستەکانی عێراق و بیانکات بە گرێبەستی خزمەتگوزاری، لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ۱۵ی شوباتی ۲۰۲۲، وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵیدا کۆمپانیاکانی هەرێم ناچار بکات بە گۆڕینی گرێبەستەکانیان، بەڵام کۆمپانیاکان ملکەچ نەبوون، بەمدواییە وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازێکی تری بۆ دەستکاری کردنی گرێبەستەکان هێناوەتە پێش کە ئەویش گرێبەستی هاوبەشیکردنە لە قازانج.
دادگای فیدراڵی عێراق لە بڕیارەکەی شوباتی ۲۰۲۲دا، یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و هەرێمی پابەند کرد بەوەی نەوت و غازەکەی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکات، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە: گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستی دەستوورین و لەچوارچێوەی عێراقی فیدرالیدایە و هەرێم یاسای نەوت و غازی خۆی هەیە".
ڕۆژی ۱۶ی ئەم مانگە، گرووپی پیشەسازیی نەوتی کوردستان کە کورتکراوەکەی "ئەیپکورە"، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هۆشداری دا بە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەگەر دەستکاری گرێبەستەکان بکرێت، پەنا بۆ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن دەبات.
ئەپیکور کە نوێنەرایەتی کۆمپانیاکانی DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy ،ShaMaran Petroleum دەکات، دەڵێت: "گرێبەستەکانی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان PSCs هێشتا بەرکارنو بە یاسای ئینگلیزی بەڕێوەدەبرێن، چارەسەری ناکۆکییەکان لەبارەی گرێبەستەکانەوە لەرێگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە دەبێت لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن".
داواکەی عێراق ناعەقڵانی بوو
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ۲۵ی ئازاری ئەمساڵەوە ڕاوەستاوە، ئەمەش بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەبارەی سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا سەبارەت بە بەکارهێنانی بۆری نەوتی عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە، لەم سکاڵایەدا دادگای پاریس بڕی نزیکەی ملیارێک و ۵۰۰ ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەسەر تورکیادا سەپاند، تورکیا و عێراق هێشتا لەسەر چۆنیەتی پاکتاو کردنی ئەم قەرەبووە نەگەیشتوەنەتە رێککەوتنی کۆتایی.
بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ڕاوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕی ۷ ملیار دۆلار زیانی بە عێراق گەیاندووە، کەمال محەمەد پێیوایە "داواکەی عێراق لە دادگای ناوبژیوانانی پاریس ڕەفتارێکی ناتەندروست و ناعەقڵانی بووە".
دەستپێکردنەوەی هەناردە
لە یاسای بوودجەی سێ ساڵەی عێراقدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان قایل بووە بەوەی نەوتی خۆی لەرێگەی کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراقەوە "سۆمۆ" بفرۆشێت و داهاتی نەوتیش بە تەواوەتی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ مانگانە پشکی خۆی لە بوودجە پێبدات.
ڕۆژی ۱۱ی ئەم مانگە وەفدێکی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت گەیشتە هەولێر و ماوەی دوو رۆژ لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گفتوگۆی کرد لەبارەی میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی وەفدەکەی عێراقدا لە هەولێر، نوێنەری هەندێک لە کۆمپانیا بیانییەکانیش بانگهێشت کرابوون، بەپێی قسەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، لەم سەردانەی وەزیری نەوتی عێراقدا بۆ هەولێر، چەند پێشنیازێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵە کراون و وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر یەکێک لە پێشنیازەکان بدات، بەڵام لەوکاتەوە تائێستا وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ بڕیارێکی نەداوە.
وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەڵێت تێگەیشتنی باش هەیە، شاندی هەرێم و بەغدا لە گفتوگۆدان، هیوادارم بگەینە رێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەینەوە.
تورکیا ڕۆژی ۲ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگەیاندووە، بەڵام چارەسەری کێشەی گرێبەستی کۆمپانیاکان لەلایەک و نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەلایەکی تر، بەربەستی سەرەکین لەبەردەم دەستپَکردنەوەی هەناردە، چوونکە لەیاسای بوودجەی عێراقدا بڕی ۶ دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە کوردستان دیاریکراوە، حکوومەتی هەرێم بەمە ڕازی نییە و دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێم بڕەکەی ۲۴ دۆلارە و تیچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێکیش ۷ دۆلارە، واتا بە تێکڕای خەرجی وەبەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێک ۳۱ دۆلار دەکەوێت.
یاسای بوودجەی فیدراڵ رێگە بەوە نادات لە داهاتی نەوتی هەرێم پارە بۆ هیچ مەبەستێک ببڕدرێت، بودجە بەرپرسیارێتی دابینکردنی هەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوتی لە هەرێمی کوردستانو خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق.
بوودجە پارەی وەبەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی لە خشتەیەکدا دیاریکردووە کە بڕەکەی ۳ ترلیۆنو ۸۷۶ ملیار دینارە بۆ یەک ساڵ، ئەم بڕە پارەیە کورتهێنانی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی لێکدانەوەیەک کە ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردویەتی:
• کۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ گواستنەوەی بڕی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی ۲۰۲۳ بریتییە لە ۱ ترلیۆنو ۴۲۸ ملیار دینار.
• کۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ وەبەرهێنانو هەناردەکردنی بڕی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی ۲۰۲۳ بریتییە لە ۲ ترلیۆنو ۴۴۸ ملیار دینار.
واتا بە تێکڕا خەرجی وەبەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی ۲۰۲۳دا بڕەکەی بە ۳ ترلیۆنو ۸۷۶ ملیار دینار دیاریکراوە، ئەم پارەیە بڕەکەی بە دۆلار دەکاتە ۲ ملیارو ۹۸۰ ملیۆن دۆلار.
هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۲۲ بڕی ۶ ترلیۆن و ۶۹۵ ملیار دیناری بۆ خەرجییەکانی نەوت خەرج کردووە، بەڵام لە بوودجەی عێراقدا ۳ ترلیۆن و ۸۷۶ ملیار دیناری تەرخان کردووە، لێرەدا حکوومەتی هەرێم تووشی کورتهێنانێک دەبێت کە بڕەکەی ۲ تریلیۆن و ۸۰۰ ملیار دینارە، وەکوو سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت ئەم کورتهێنانە هیچ تەرخانکراوێکی بۆ نەکراوە لەناو بوودجەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت پڕی بکاتەوە.
یاسای نەوت و غاز.. گرفتێکی تر
لە شوباتی ئەمساڵ و لەدوای دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم دەستیان بە گفتوگۆیەکی نوێ کرد لەبارەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی فیدراڵ، یاسایەک کە دەبوو دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە ۲۰۰۵ دەربکرایە و بەهۆی ناکۆکی هەولێر و بەغدادەوە تائێستا ئەم یاسایە دەرنەکراوە.
سوودانی لە بەرنامەی کاری حکوومەتەکەیدا بەڵێنیدا لەماوەی شەش مانگی یەکەمی دەستبەکاربوونی حکوومەتدا ڕەشنووسی یاساکە ڕەوانەی پەرلەمان بکات بۆ پەسەند کردن، بەڵام ئەم بەڵێنەی جێبەجێ نەکرد، هەردوو حکوومەت لەبارەی ڕەشنووسەکە ناکۆکن، سوودانی بەر لە دەستبەکاربوونی بە نوێنەرانی کوردی لە پەرلەمانی عێراق وتبوو: "من ناتوانم بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان ڕابگرم، تاکە چارەسەر ئەوەیە یاسای نەوت و غازی فیدراڵ دەربکرێت و لەو یاسایەدا دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم بەسەر کەرتی نەوت و غازدا یەکلا بکرێتەوە.
ئەمریکییەکانیش چاودێری گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغداد دەکەن سەبارەت بە یاسای نەوت و غاز، بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم کونسوڵی ئەمریکا پرسیاری کردووە لەبارەی ئەوەی ئایا داڕشتنی یاساکە بەکوێ گەیشتووە.
چوار مەرج بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت
ئێستا کە هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم چوونەتە ناو گفتوگۆیەکی نوێوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە بەپێی یاسای بوودجە ڕۆژانە ۴۰۰ هەزار بەرمیلە، کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی نەوتیش هاتوونەتە ناو گفتوگۆکان و ئامادە نین دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە بۆ کوردستان تاوەکوو ئەم ۴ مەرجەیان لەبەرچاو نەگیرێت:
• هەر زیادکردنێک دەبێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی ئەپیکور.
• دەبێت گرەنتی ئەوە بکرێت پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو و داهاتوودا دەدرێت.
• دەبێت پارەی فرۆشتنی نەوتی لە داهاتوودا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ کۆمپانیاکان حەواڵە بکرێت.
• دەبێت پارێزگاری بکرێت لە مەرجە بازرگانییەکانی ئێستا و مۆدێلی ئابووری کۆمپانیاکانی ئەندامی گرووپی ئەپیکور.
Your Comment