خۆپیشاندانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان ئاراستەیەکی سیاسییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بایكۆتى مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان ئاراسته‌یه‌كى سیاسییه ‌و مه‌به‌ستیش لێى دواخستنى كۆنگره‌ى یه‌كێتی مامۆستایان بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیاربوو ئەمڕۆ دوای ۱۳ ساڵ یەکێتی مامۆستایان کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام کۆنگرەکە نەکرا، له‌وباره‌یه‌وه‌ ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتیه‌كه‌ ڕایگه‌یاند: "لەچەند ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی چەند دۆخێکی نەخوازراوه‌وه‌ نەتوانرا کۆنگرە بکرێت، ئەمساڵ هەموو ئامادەکارییەک کرابوو بڕیاربوو ۳ى ۱۲ی ۲۰۲۳ کۆنگرە بکرێت، بەڵام بەداخەوە بابەتی سیاسی کاریگەری لەسەر کۆنگرە هەبوو، دوای گفتوگۆی زۆر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کۆنگرە دواخرا".

ناوبراو زیاتر له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت: "من کە سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانم نازانم کەی کۆنگرە دەکرێت؟ من کە هاوکات سەرۆکی لیستی پارتیم لە یەکێتی مامۆستایان هەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو، بەڵام لایەنەکانی دیکە بایکۆتی مامۆستایانیان لە سنووری سلێمانی کردە بیانوو بۆ ئەنجام‌نەدانی کۆنگرە، چوونکە لە هەموو سنوورەکانی دیکە ئامادەسازیی تەواوکرابوو".

ناوبراو وتیشی: "بەبڕوای من بایکۆتی مامۆستایان ئاراستەیەکی سیاسی بوو بۆ دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان، ئێستا یەکێتی مامۆستایان لە بۆشایی یاساییدایە، بۆیە پێمان‌باشە لەمانگێک زیاتر کۆنگرە دوا نەخرێت".

ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندووه‌، "ڕاستە لەهەموو شوێنێک مامۆستاو فەرمانبەران پێویستیان بە مووچەیە، دواکەوتنی مووچە کاریگەرییەکی خراپی لە هەرێم دروست‌کردوە، هەمومان لەسەر ئەو بابەتە ناڕازین، بەڵام بایکۆت ‌و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان چارەسەرنییە، بەڵکوو کاریگەری نەرێنی دەبێت، لەکاتێکدا دەرگای قوتابخانە حکوومییەکان داخراوە، بەڵام لەقوتابخانە حکوومییەکان دەوام دەکرێت، کە منداڵی زۆربەی بەرپرسەکان لەو قوتابخانانە دەخوێنن، لانی کەم دەبوایە دەرگای قوتابخانە حکوومییەکان بکرابانەوەو کتێب دابەش‌کرابان، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ قوتابی لەماڵەوە بخوێنن".

به‌وته‌ى گەرمیانی: "جگە لەهەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردەو یەکێتی مامۆستایان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەسنوری سلێمانی، نایشارمەوە لەگەڵ لایەنی سیاسیش گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە کراوە، زۆر جار دەوترێت ئەو بایکۆت ‌و خۆپیشاندانە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لەڕاستیدا بەرپرسی سەرەکی لەدواکەوتنی مووچە حکوومەتی عێراقە، بۆیە دەبێ ناڕەزایەتی‌ و گلەییەکانمان یەکەمجار ئاراستەی حکوومەتی عێراق بکەین".

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌دواكه‌وتنى مووچه‌ى مامۆستایانى وانه‌بێژ له ‌سنوورى سلێمانى ‌و ده‌وروبه‌رى گه‌رمیانى وتوویه‌تى: "لە هەولێر و دهۆک شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابەش‌کراوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ لە سلێمانیش دابەش‌بکرێت، بەڵام جارێکی دیکە دواخرا، ئەمەش مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر تووڕە دەکات، ئێمە هەست‌دەکەین دەستێک هەیە بۆ تووڕەکردنی مامۆستایان، بەداخەوە لە سنووری سلێمانی هاوڵاتییان متمانەیان بۆ قوتابخانە حکوومییەکان کەم‌بۆتەوە، ئەوەی توانای دارایی هەبێت، منداڵەکانیان دەگوازنەوە قوتابخانە ناحکوومییەکان، کە ئەمە زۆرخراپە".

News Code 222609

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha