پرسی كه‌ركووک و په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و توركیا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- باڵیۆزی توركیا لە هەولێر دوو بەرپرسی یەكێتیی بینیوە، كەركووک تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان بووە‌، توركمانه‌كان نیگه‌رانیی خۆیان له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی له‌ دادگای فیدراڵی به‌ باڵیۆزه‌كه‌ گه‌یاندووه‌، به‌ڵام هێشتا توركیا له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی ڕانه‌گه‌یاندووه‌، دوو رۆژه‌ باڵیۆز له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات، باسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتیش ته‌وه‌رێكی گفتوگۆكانه‌. 

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: چەند رۆژێكە عەلی رەزا گونەی باڵیۆزی توركیا لە هەولێرە و هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێم و دەرباز كۆسرەت ڕەسووڵ لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی بینیوە. 
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە دیدارەكەدا لەگەڵ باڵیۆزی توركیا باسی" هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بەتایبەتیش هەڵبژاردنەكان لە كەركووک كراوە".
دۆخی كەركووک بەهۆی پێكهاتەی توركمانەوە بەلای دەسەڵاتدارانی توركیاوە گرنگە، هەندێک لە سەرچاوەكان دەڵێن لەدوای رووداوەكانی ۱۶ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۷وە كە كورد لە كەركووک كشایەوە، توركیا رۆڵی هەبووە لەوەی یەكێتیی پۆستی پارێزگاری كەركووک وەرنەگرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی بە باڵیۆزی توركیا وتووە لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی زۆر دەكرێت لەنێوان پێكهاتەكانی كەركووک چارەسەر ئەوەیە لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، شێوازی بەڕێوەبردنی شارەكە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەكانی جەلال تاڵەبانی بۆ ئەوەی كەركووک ببێتە شارێكی نمونەیی بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە‌ و هیچ لایەنێک هەست بە ستەم‌ و نادادپەروەری‌ و پەراوێزخراوی نەكات.
پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم‌ و كێشەی بەشە بوودجەی هەرێم تەوەرێكی تری قسەوباسەكان بووە، ئەمڕۆ باڵیۆزی توركیا بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم وتووە توركیا ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان كە لە ۲۵ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، قوباد تاڵەبانیش لەبارەی ئەم بابەتە بە باڵیۆزی رایگەیاندووە:" پێویستە لەنێوان هەرێم‌ و بەغدا رێككەوتنێكی گشتگیرو درێژخایەن بكرێت‌و كێشەی بودجەی هەرێم بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت". 

چارەنووسی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی
هیچ یەكێک لە قوباد تاڵەبانی‌ و دەرباز كۆسرەت ڕەسووڵ لە دیدارەكەیاندا لەگەڵ باڵیۆزی توركیا باسیان لە دۆخی فڕۆكەخانەی سلێمانی نەكردووە (بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكاندا هاتووە)، كە لە رۆژی ۳ی نیسانی ئەمساڵەوە توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بەڕوودا داخستووە و ئەم داخستنە تا رۆژی ۳ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەگەر جارێكی تریش درێژنەكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەدوای ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی دووجار سەردانی توركیای كردووە، بەڵام گفتوگۆكان بێسود بوون، توركیا سورە لەسەر تۆمەتباركردنی یەكێتیی بە پشتیوانیكردن لە پارتی كرێكارانی كوردستان‌و ئەمەش بەهانەی سەرەكی ئەنكەرەیە بۆ راگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی.

توركمانەكان‌ و یەكێتیی
سكاڵاكان لەدژی یەكێتیی تەنیا پەیوەندیدار نین بە پرسی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، وا دەردەكەوێت لەسەردانی باڵیۆزدا بۆ هەولێر، لایەنە توركمانەكان گلەییان لە یەكێتیی كردبێت، بەتایبەتیش لە بابەتی سكاڵاكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا، سكاڵایەک كە یەكێتیی دەیەوێت لەرێگەیەوە ۵ كورسی "كۆتا"ی توركمانەكان لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە. 
باڵیۆزی توركیا لە هەولێر مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمانی بینیوە، قەهوەچی لەبارەی دیدارەكەی بەگەڵ باڵیۆزی توركیا دەڵێ:" ‌تیشک خرایەسەر گرنگی پاراستنی مافی پێكهاتەكان، لەمڕوەشەوە جەختمان لەسەر پێویستیی رەچاوكردنی ئیرادەو بەرژەوەندیی خودی پێكهاتەكان كردەوە".

مونا قەهوەچی كە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا سكرتێری پەرلەمان بوو، یەكێك لەوانەیە بەتوندی دژی سكاڵای یەكێتیی نیشتمانی لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان وەستاوەتەوە.
توركیا هێشتا بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتیی‌و هەڵوەشاندنەوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان رانەگەیاندووە.
لەسەر ئاستی عێراق، توركیا پشتیوانی لە بەرەی توركمانی عێراق دەكات، سەركردەكانی ئەم حزبە زیاتر بەشداری لە كۆڕو كۆبونەوەكانی توركیادا دەكەن، ئەم حزبە توركمانییە لە سنووری پارێزگای كەركووک كارایە. 
لەناو پێكهاتەی توركمان راوبۆچوونی جیاواز لەبارەی كورسی "كۆتا"ی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، هەندێكیان لەگەڵ مانەوەی "كۆتا"ن وەكو زەمانەت بۆ پارێزگاری لە بەشداری ئەم پێكهاتەیە لە بڕیاری هەرێمی كوردستان، هەندێكیان دژن‌و دەڵێ توركمان پێكهاتەیەكی سەرەكییە‌و لە عێراق "كۆتا"ی بۆ دانەنراوە، ژماری خەڵكی ئەم پێكهاتەیە لە كوردستان زیاترە لە ۵ كورسی "كۆتا".
بەم ساڵانەی دوایی لەناو حزبە سیاسییەكانی هەرێم مشتومڕ لەسەر كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دروست بووە، هەندێک لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی نوێنەری پێكهاتەكان لەبەژرەوەندی خۆی بەكاردەهێنێت، بەتایبەتیش لە پرسە هەستیارەكاندا لەناو پەرلەمان.

پەیوەندییەكانی توركیا و یەكێتیی 
سەرەتای تێكچوونی پەیوەندیی یەكێتیی‌و توركیا لەم ساڵانەی دوایدا بۆ رۆژی ۲۴ی حوزەیرانی ۲۰۱۷ دەگەڕێتەوە، لەم رۆژەدا توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتیی لە ئەنكەرە دەركرد و بینای نوێنەرایەتییەكەی داخست، ئەمەش وەكوو كاردانەوەیەک لەبەرامبەر دەستگیركردنی دوو گەورە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری توركیا "میت" لە ئۆپراسیۆنێكدا لەلایەن هێزەكانی پارتی كرێكارانەوە لە شارۆچكەی دوكان. 
ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا، توركیا گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی ڕاگرت، هەر لەو ساڵەدا بوو كە مەلود چاوەش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی توركیا یەكێتیی‌و بزوتنەوەی گۆڕانی بە هاوكاریكردنی پارتی كرێكاران تۆمەتباركرد و وتی:" لەلایەن وەزیرێكی یەكێتییەوە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداركراوین لەوەی پارتی كرێكاران بە تەواوەتی هەژمونی بەسەر ناوەندی بڕیاری یەكێتیدا كردووە"، ئەمە تۆمەتباركردنێكە كە یەكێتیی بەردەوام رەتیدەكاتەوە، بەڵام ئەنكەرەی پێ قایل ناكرێت. 
ئەم ساڵانەی دوایی توركیا بەشێوەیەكی بێ پێشینە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لە سنوری سلێمانی چڕكردوەتەوە، بەردەوام فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان‌و هەندێكجاریش فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە ئاسمانی سنووری سلێمانیدا دەسوڕێنەوە، ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی كۆنسەی سەرۆكایەتی پارتی كرێكاران لە سنوری سلێمانی لە هێرشی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكاندا كوژراون، سەرباری ئەمەش ماوە لەدوای ماوە، توركیا لەسەر زەمین‌و لەناو شارەكانیش، ئەندام‌و بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكاتە ئامانج‌و تیرۆریان دەكات.   
تواندنەوەی بەستەڵەكی پەیوەندی نێوان یەكێتی و توركیا سەرەتاكەی بۆ ساڵی ۱۹۹۱ دەگەڕێتەوە، كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی یەكەم سكرتێری یەكێتیی لەو ساڵەدا پەیوەندیی لەگەڵ تورگۆت ئۆزال سەرۆكی ئەوكاتی توركیا دروستكرد، ئەم پەیوەندییە لەوكاتەوە تائێستا چەندین هەڵبەز و دابەزی بەخۆوە بینیوە. 

News Code 222601

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha