بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر هەردوو سكاڵاكە كۆبۆوە كە یەكێكیان لەسەر سکاڵایەکی ئەمینداری گشتی حزبی ئومەی عەرەبی بوو کە لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوایکردووە شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم کە لە بوودجەی ٢٠٢٣ی فیدڕالیدا ھاتووە خەرج بکرێت و مووچەی ھەرێمیش ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق دابەش بکرێت.
سكاڵاكە كە لەناوەڕكدا لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بوو، لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە ڕەت كرایەوە.
سكاڵاكار مەحمود حوسێن رەزا عگێلی ئەمینداری گشتی حزبی ئومەی عەرەبی لەو بارەیەوە بە میدیاكانی راگەیاند كە دادگا بەپاساوی ئەوەی من لەنەتەوەی كوردنیم و زەرەرمەندی ئەو پرسە نەبووم بۆیە سكاڵاكەی رەتكردمەوە.
پێشتر و لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگی داھاتوو دواخست.
لەمساڵدا دادگای فیدڕاڵی ١٩ سکاڵای پەیوەست بە ھەرێمی کوردستانی یەکلاکردووەتەوە کە شەشیان دەربارەی مووچە و شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم بوون و پێنجیان رەتکراونەتەوە کە تایبەت بوون بە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە و پلە بەرزکردنەوە و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبڕینی مووچە.
سكاڵاكەی تریش لەلایەن سێ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە و تێیدا داواکراوە بڕیارێک دەربکرێت بۆ ناردنی شایستەداراییەکانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەمووز و ئاب و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پابەندکردن بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران ھەرێم ھاوشێوەی عێراق لە داھاتودا.
سەرەنجام دادگاكە ئەم سكاڵایەی دواخست.
Your Comment