بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمبارەوە مستەفا چاوڕەش بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی وت: "لابردنم لەو پۆستە لەسەر داوای خۆم بووە؛ ساڵ و نیوێکە داوا دەکەم دەستبەرداری پۆستەکە ببم؛ دواجار ئەمڕۆ دەستبەرداری بووم و لە رێوڕەسمێکی فراواندا بە بەشداری کاک بافڵ تاڵەبانی و زۆرینەی فەرماندەکان رێز لە خەبات و کارەکانم گیرا".
لەبارەی ئەرکی داهاتوویەوە مستەفا چاوڕەش گوتی: "لە ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژە بە خەباتی خۆم دەدەم".
بەرپرسی پێشووی هێزەکانی ۷۰ ئاماژەی بەوەکرد، لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا بە فەرمی هیچ کەسێک لە جێگەی دانەنراوە و گوتیشی، "بێگومان ئەمڕۆ و سبەی کەسێک لەنێو برادەران کە شیاوی ئەو پۆستەبێت لە شوێنم دادەنرێت".
جگە لە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی ۷۰ و ۸۰ هەن؛ هێزەکانی ۷۰ سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و هێزەکەی دیکەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و هیچیان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا نین.
Your Comment