هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی بژێویی مووچەخۆران بخرێنەگەڕ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوا دەکەن هەموو لایەنە کوردستانییەکان هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی  شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد و لەلایەن عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و شاندێکی باڵای کۆمەڵی دادگەرییەوە پێشوازی لێکرا.

لەبارەی کۆبوونەوەی نێوانیان، هەردوولا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەکە کرا و جەختیش کرایەوە لە پێویستیی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خاک و خەڵکی کوردستان، هەموو لایەنەکانیش پێکەوە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی بژێوی هاووڵاتییان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی".

ئاماژە بەوەش کراوە، "بە پەرۆشەوە جەختیان کردەوە لە درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانیی لە هەرێم بە شێوەیەک لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان کۆدەنگی نیشتمانیی دروست بکرێت و یەک گوتاری نیشتمانیی ئاڕاستەی بەغدا بکرێت کە سەرچاوەکەی دیدگای باڵای کوردستانی بێت کە بۆئەوەش یەکخستنی هەوڵەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بە پێویست زانرا."

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە، دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە، پرسی هەڵبژاردن دوو تەوەری تری کۆبوونەوەکە بوون "کە بە وردی تاوتوێ کران و دووپات لە پاراستنی سەقامگیری ئاسایش و ئارامی هەرێم، لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن کرایەوە بە شێوەیەک هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ تا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەمووان بێت لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت".

News Code 222562

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha