بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی لهمیانی وتارێکدا له کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە "MEPS" له دهۆک، رایگهیاند: "ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەموومان دەبنەوە، بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان و بەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕونیان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیەکان، لەبەرئەو هۆکارانە، کۆبونەوەیەکی لەمجۆرە و ئەو گفتوگۆیانەشی تێدا دەکرێن لەلایەن ڕۆشنبیر و شارەزایان، دەتوانن هاوکاربن بۆئەوەی دەرئەنجامێکی باشیان هەبێت".
مەسروور بارزانی دهڵێت، "هەموومان دیمەنی دڵتەزێنی خەڵکی سیڤل و بێتاوانمان بینیوە، منداڵ و بە تەمەن بوونەتە قوربانی شەڕێکی دیکەی وێرانکەر، پێویستە ئەم دیمەنانە بەئاگامان بێنێتەوە، ئەو توندوتیژییانەی ئێمە دەیانبینین، هیچکات چارەسەر نین و ئاشتی بەدیناهێنن، بەڵکوو دەبنە هۆی بەردەوامی وێرانکاری و کارەساتەکان".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردهوه، "پێویستە ئێمە نەک تەنیا سەرکۆنەی شەڕ و توندوتیژییەکان بکەین، بەڵکوو دەبێ چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکان و ناکۆکییەکانیش، پێش ئەوەی بگاتە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، بدۆزینەوە، نابێت بۆ چارەسەری کێشەکان چاوەڕێ بکەین، لەکاتێکدا دەتوانین پێش ئەوەی لە کۆنتڕۆڵ دەربچن چارەسەریان بکەین، پێویستە جیاوازییەکانی یەکتر قبووڵ بکەین و فێربین بەرێزەوە لەگەڵ یەکتر بژین، نەوەکوو بەدوای پاساودا بگەڕێین بۆ ڕەتکردنەوەی بەرامبەر".
ههر پهیوهست به کێشهکانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، بارزانی وتی: "هەموومان لە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست شۆک بوین، چارەسەرنەکردنی ناکۆکییەکی دەیان ساڵە و لە قاڵبدانیشی بەهەمان شێوە کێشەیە، بۆ نمونە، ۳۰ ساڵە چارەسەریی دو دەوڵەت بۆ فەڵەستین و ئیسرائیلیەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت، کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە، چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرامبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟ ئێستا کاتی ئەوەیە کاری باشتر بکەین".
ناوبراو دهشڵێت، "کێشە چارەسەر نەکراوەکان پێویستیان بە وەڵامی بوێرانەیە، ئێستا کە جیهان بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەڵەستین، منیش داوای رێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین".
لهبارهی دۆخی عێراقیشهوه وتی: "پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق جێگەی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلکردنی دەستوری عێراق و پابەندنەبون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دوبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبوون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە".
هۆشداریش دا لهوهی "ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکوومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە، بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش، گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژراییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە، شێوازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ بەرێوەبردنی عێراق و جێبەجێ کردنی کارە تەواو نەکراوەکانی ناوچەکە، پێوێستیەکی بەپەلەیە".
Your Comment