لادانى سەرۆکى دەسەڵاتی یاسادانان ئاڵۆزیەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگه‌یاند، پێویسته‌ پێکهێنەرەکانى هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن به‌تایبه‌تی كه‌ لادانى محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان ئاڵۆزیەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەمەد، وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌ كردووه‌، "بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت، لەم دۆخەدا بەرپرسیاریەتى سەرشانى سەرجەم هێز و لایەنە عێراقییەکان بەگشتى و لایەنە پێکهێنەرەکانى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەتە بەتایبەتى، وردتر هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن بەتایبەتى ڕووداوى دوا بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى عێڕاق لەبارەى لادانى سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان کە ئاڵۆزیەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، چاوەڕوانییەکان ئەوەبوون ئەو ئاڵۆزى و کێشانەى کە هەن چارەسەر بکرێن نەک بابەتى زیاتریان لەسەر کەڵەکەبکرێت بەجۆرێک کە ئاشتى کۆمەڵایەتى و سەقامگیرى دەخاتە مەترسییەوە.

وتەبێژى پارتى ده‌شڵێت، پارتی دیموکرات بە پەرۆشەوە لە ڕەوشەکە دەڕوانێت و نیگەرانى دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانین، بۆیە بە پێویستى دەزانین دۆخى عێراق لە ڕووى سیاسى، ئەمنى، ئابوورى و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانى ناوچەکەوە لەبەرچاوبگیرێت و بەرپرسیارانە هەنگاو بنرێت بۆ رێکخستنەوەى بارودۆخەکە لە ڕوانگەى دەستورى هەمیشەیی و جێبەجێ کردنى ماددە و بڕگەکان و پڕنسیپەکانى ڕێککەوتنى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەت و کارنامەى حکوومەتى فیدراڵى، بە تایبەتى بڕگەکانى پەیوەست بە ئەنجومەنى فیدراڵى و دادگاى فیدراڵى".
 

پارتی هه‌روه‌ها داواش ده‌كات هەروەها لایه‌نه‌كانی عێراق "بگەڕێنەوە بۆ بنەماکانى بونیاتنانى عێڕاقێکى نوێ (شەراکەت، تەوافق، تەوازن) و سەروەریی دەستوور بچەسپێنرێت، کە تاکە زامنى پێکەوەژیان و سەقامگیرى و پێکەوەیى عێراقە".

News Code 222511

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha