مەسروور بارزانی ئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنەکانی هەرێمی لەگەڵ شاندی عێراقی ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دواى کۆبوونه‌وه‌کان بۆ ماوه‌ى دوو ڕۆژ له‌گه‌ڵ وه‌فدى باڵاى حکوومه‌تى عێراق به‌ سه‌رۆکایه‌تى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى حکوومه‌تى فیدراڵى، مه‌سروور بارزانى ئه‌نجامى کۆبوونه‌وه‌کانى ئاشکرا کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم له‌میانى بەشداری‌کردنى لە فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر بۆ ساڵی 2023 قسه‌ى بۆ ڕۆژنامەوانان کردو ڕایگه‌یاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی باش بووە.

بارزانی جەختی کرده‌وه‌: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆک وەزیرانیشە".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئه‌وه‌شى وت: "ئەوەی لەسەر هەرێم بووه‌ لەڕووی کاری تەکنیکی یاخود یاسایی، هەرچی ئەرکی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێ کراوە، هەمووشمان لەگەڵیان باس کرد، دەمێنێتەوە سەرئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکوو خۆی کە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش رێز لەو مافانە بگرن ‌و جێبەجێیان بکەن  و شایسته‌ داراییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان ڕه‌وانه‌ بکەن".

News Code 222490

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha