ئەردۆغان داوای هەڵوەشاندنەوەی مافی ڤیتۆی پێنج وڵات دەکات

بەشی تورکیا- ڕەجەب تەییب ئەردۆغان پرسی فەلەستین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێکدایەوە و جارێکی تر داوای هەڵوەشاندنەوەی مافی ڤێتۆی ۵ وڵاتی کرد، ناوبراو وتیشی تورکیا دەورێک گرینگ دەبینێت لە چارەسەر کردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە سعوودیە لە فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسەکانی دایەوە.

ئەردۆغان لە بەشێکی وتەکانیدا ڕایگەیاند: "نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی نێودەوڵەتیمان جارێکی دیکە بینی کە لە ئاست کوشتنی موسڵمانان چەندە ناکارا و چاویان کوێر بووە. ئیتر پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر. بەڵام جارێکی دیکە ناکارایی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانمان بینی".

سەرکۆماری تورکیا ڕەخنەی لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و بە بێ‌توانا لە ئاست دۆخی غەززە وەسفی کرد و گوتی: "نوێکردنەوەی پێکهاتەیەک لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم هاتۆوەتە ئاراوە، ئیتر پێویستە. ئەندامی هەمیشەیی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی ڤیتۆ کردن، دەبێت بگۆڕدرێت".

ناوبراو گوتیشی: "داهاتووی جیهان و ژیانی خەڵک بەجێ ناهێڵین بۆ مافی ڤیتۆی و ئینسافی پێنج وڵات".

لەبارەی میکانیزمەکانی دەنگدان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەردۆغان ڕایگەیاند: "١٢١ وڵات دەتوانن بڵێن جیهان گەورەترە لە پێنج. بەو هەڵوێستانەی گرتیان نیشانیان دا کە دەڵێن، 'بەڵێ جیهان لە پێنج وڵات گەورەترە' ".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆماری تورکیا باسی لە دۆخی فەلەستین کرد و گوتی: "غەززە خاکی فەلەستینییەکانە. ئەمریکاش دەبێ دان بەوە دابنێت. ئەگەر ئەو گوتەیە هی بایدن بێت کە 'غەززە هی خەڵکی فەلەستین نییە، خاکە داگیرکراوەکان لە لایەن جوولەکە نیشتەجێکراوەکان، خاکی ئیسرائیلن'، ئەوە تێگەیشتنمان لەگەڵ یەکتر نابێت".

لەبارەی ڕاگەیاندراوی لووتکەی ڕیازیش ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە: "زۆر دەقی گرنگی تێدایە. ئەوە تا ئێستا هیچ کاتێک نەگوتراوە وەک دەقێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە نیشتەجێکراوەکان وەک تیرۆریست ناویان هاتووە".

ئەردۆغان جەختیشی لەوە کردەوە کە: "دەیانەوێت بڵێین حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. نەخێر، ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە. ئەوانە ئەو کەسانەن کە بۆ پاراستنی خاکەکەیان خەبات دەکەن و بۆ نیشتمانەکەیان دەجەنگن".

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری ئەو دۆخەی کە لە غەززە هەیە، گوتی: "هەوڵێکی دیپلۆماسی بە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی دوای لووتکەکەی ڕیاز دەست پێدەکەین. بە ئومێدی خوا ئەوە بە شێوەیەکی چڕ دەست پێ دەکەین. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بلینکن بەم دوایانە لێرە بوو. بەو پێیە ئیتر لەمەوبەدوا بایدن میوانداریمان دەکات. پەیوەندی گرتنی من بە بایدنەوە گونجاو نابێت".

ناوبراو گوتیشی: "گونجاوترین پێشنیاز بۆ چارەسەری کێشەکان تورکیا پێشکەشی کردووە. کلیلی چارەسەری قەیرانەکانی ناوچەکە وڵاتی تورکیایە. جگە لە کۆبوونەوەیەک کە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە تەنانەت لایەنە شەڕکەرەکانیشی تێدا بێت، هیچ زەمینەیەیەکی دیکە نییە بۆ ئاشتی".

لە کۆتاییدا سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "ئەگەر ڕکابەرێکیش هەبێ بۆ لە ئامێزگرتنی ئیسرائیل لەلایەن هەندێک وڵاتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئیمپریالیستەکان، بەڵام لە لای کۆمەڵگاکەیان ئیتر ئیسرائیل وڵاتێکی منداڵکوژە".

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە: "دەبێت ناوچەکەمان هەر چی زووە لەو هێزانە ڕزگاری بێت کە لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە هاتوون و دەیانەوێت لێرە دەسەڵات بەدەست بهێنن".

News Code 222484

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha