داهاتی مانگانەی یەکێتیی نیشتمانی لە هەناردەی نەوت بۆ ئێران دەگاتە یەک ملیۆن دۆلار

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- درەو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی داوە بە ژمارەی ئەو تانکەرە نەوتانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دێنە ئێران و چۆنییەتی فرۆشتنی نەوتەکە و ڕێژەی داهاتەکەی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حەسێب کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا لە ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێت: تەنیا لە رۆژی ۸/۱۱/۲۰۲۳ لە دەروازەی پەروێزخانەوە ۶۳۰ تانکەر نەوت ڕەوانەی ئێران کراوە، بۆ مەنەفێستی رێگەپێدانی ئیدارەی گشتی یەکێتی تەنی ۵۰ دۆلار وەردەگیرێت ڕۆژانە نزیکەی ملیۆنێک دۆلار دەکات، لە بازاڕدا تەنی نەوتی خاو ۴۶۰ دۆلارە و نەوتی پاشماوەی پاڵاوگەکانیش ۲۲۱ دۆلارە، ئێستا بازاڕی ناردنە دەرەوەی نەوت بەناوی نەوتی رەشەوە گەرمە.

ڕیزی تانکەرەکان

بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆییەک ژمارەیەکی زۆری تانکەر لە گۆڕەپانەکانی دەروازەی پەروێزخان ڕاوەستاون، لەسەر شەقامەکانیش ڕیزیان بەستووە بەرەو ئێران و لەوێشەوە بەرەو بەندەر عەباس و بازاڕەکانی جیهان.

 درەو لەگەڵ چەند شۆفێرێک و بەرپرسانی دەروازەی پەروێزخاندا قسەی کردووە، ڕۆژانە بە سەدان تانکەر نەوت ڕەوانەی ئێران دەکرێت بەنموونە:

•     رۆژی ۸/۱۱/۲۰۲۳ لە ڕێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە ۶۳۰ تەنکەر ڕەوانەی ئێران کراوە.

•    رۆژی ۹/۱۱/۲۰۲۳ لە ڕێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە ۵۲۰ تانکەر ڕەوانەی ئێران کراوە.

واتا بە شێوەیەکی گشتی رۆژانە لە نێوان ۵۰۰ - ۶۰۰ تانکەر رەوانەی ئێران دەکرێت و ئەو شۆفێرانە ئاماژەیان بەوەش کرد، کە رەوانەکردنی تانکەرەکان بەپێی کەش و هەوا و ڕۆژەکان و کێشەی تەکنیکیەوە دەگۆرێت، ڕۆژ هەبووە ۹۰۰ تانکەر ڕەوانەی ئێران کراوە.

تانکەرەکان ڕۆژی پێشتر لە گۆڕەپانەکە ڕادەگیرێن بۆ هەر تانکەرێک بڕی ۲ دۆلار هەقی وەستان لە گۆڕەپانەکەیان لێوەردەگیرێت، کە بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتیە.

بەپێی ئەوەی شۆفێرەکان ئاماژەیان پێکردووە، ئەو نەوتەی ئەوان باری دەکەن پاشماوەی پاڵاوگەکانە، بەڵام لەناویدا نەوتی خاو، نەفتا، قیر، ڕەوانە دەکرێت بەرەو ئێران.

ئەو نەوتەی باری دەکەن لە کێڵگەکانی حەسیرە، چیا سورخ، شیواشۆکەوە باردەکەن، بەشێک لەو نەوتە دەبرێت بۆ پاڵاوگەکان دواتر پاشماوەکەی بار دەکرێت، بەڵام هەندێک جار هەر ناپاڵاورێت راستەوخۆ رەوانەی دەرەوە دەکرێت، ئەو تانکەرانەی لە پەروێزخانەوە دەبرێن بۆ ئێران بەشێکی لە کێڵگەو پاڵاوگەکانی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی بار دەگرێن و بەشێکیشی هی پاڵاوگەکانی کارو  لاناس و پاڵاوگەکانی تری سنوری دەسەڵاتی پارتیە، لەبەر ئەوەی خەرجی ناردنە دەرەوە لە پەروێزخانەوە بۆ بەندەر عەباس کەمترە بۆیە لەوێوە دەبرێت، بەڵام ئەو نەوتە رەش و قیرەی کە دەبرێت بۆ تورکیا لە رێگەی باشماخەوە دەرواتە ئێران و لەوێشەوە بۆ تەبرێز و بۆ تورکیا، هەندێک جاریش لە حاجی ئۆمەرانەوە نەوت رەوانەی ئێران دەکرێت، ئەم پرۆسەیە لە دەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیش بوونی هەیە.

چۆن نەوت لەناو خۆ ساغ دەکرێتەوە

ئەو نەوتەی لە ئێستادا لەناوخۆ ساغ دەکرێتەوە و بەشێکی بۆ پاڵاوگەکان و بەشێکیشی دەبرێتەوە دەرەوە بەم جۆرەیە:

•    نەوتی خاو لە بازاڕەکانی کوردستان تەنی بە ۴۶۰ دۆلارە واتا بەرمیلی ۶۱ دۆلار تەنێک نەوت ۷.۵ بەرمیلە

•    نەوتی رەش تەنی بە ۲۱۰ دۆرە بەرمیلی نزیکەی ۳۰ دۆلار دەکات

•    هەموو ئەو نەوتەی رۆژانە وەردەگیرێت بەناوی نەوتی رەش و پاشماوەی پاڵاوگەکانەوە رەوانە دەکرێت بۆ ئێران کە ئەوە رێگا پێدراوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەک بە درەویان راگەیاند ئەو نەوتە ئێستا تەنیا نەوتی ڕەش و پاشماوەی پاڵاوگەکان نیە بەڵکوو:

•    نەوتی ڕەش، ئەو نەوتەی کە لە کێڵگەکانەوە دەدرێتە پاڵاوگەکان و دوای ئەوەی دەپاڵێورێت و موشتەقاتەکانی لێوەردەگیرێت بەتایبەت نەوت، بەنزین، دیزڵ ئەوەی دیکەی دەمێنێـتەوە بە شێوەیەکی یاسایی و رێگە پێدراو دەبرێتە دەرەوە، بەڵام لە پاڵاوگەکان کەمترین موشتەقاتی لێوەردەگرن و هەندێک جار هەر نای پاڵیون و بەناوی نەوتی ڕەشەوە دەیفرۆشن، تەنی بە ۲۱۰ دۆلار کە بەرمیلی ۳۰ دۆلار دەکات و رەوانەی ئێران دەکرێت، لێرەدا تەنیا مەنەفێستی رێگەپێدانی کە لەلایەن ئیدارەی گشتیەوە تەسدیق دەکرێت و وەردەگیرێت تەنی ۵۰ دۆلارە.

•    ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان پشت ڕاست کردەوە ئێستا لەناو ئەو تانکەرە نەوتی ڕەش و پاشماوەی پاڵاوگەکاندا نەوتی خاویش دەفرۆشرێت و دەبرێتە دەرەوە بەناوی نەوتی رەش، راستەوخۆ لە کێڵگەکانەوە دەبرێن یاخود دەبرێنە پاڵاوگەکان و داناگیرێن و ڕاستەوخۆ دەبرێن و رەوانەی ئێران دەکرێن، ئەوانیش لە کێڵگەکانەوە تەنی بە ۴۶۰ دۆلار دەفرۆشرێت واتا بەرمیلی بە ۶۱ دۆلار، دواتریش مەنەفێستەکەی بۆ هەر تەنێک ۵۰ دۆلارە.

•    نەفتا، لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە رۆژانە ۲۲۰۰ تەن دەفرۆشرێت لە بازاڕدا، لەو رێژەیە نزیکەی ۶۰۰ تەن دەدرێتە هەولێر و ۱۶۰۰ تەن لە بازاڕەکانی سلێمانی شاغ دەکرێتەوەو دەبرێتە دەرەوە، تەنێک بە ۲۰۰ دۆلار لە بازاڕدا دەفرۆشرێت.

ڕۆژانە ملیۆنێک دۆلار

ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت تەنیا مەنەفێستەکەی کە یەک وەرقەیە و داهاتەکەی بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتیە و رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارە بۆنمونە:

ڕۆژی ۸/۱۱/۲۰۲۳ لە دەروازەی پەروێزخانەوە ۶۳۰ تانکەر ڕەوانەی ئێران کراوە کە هەر تەنکەرێک ۳۰ تەن نەوت بار دەکات و بۆ هەر تەنێک ۵۰ دۆلار دەدرێتە ئیدارەی گشتی یەکێتی، ئەوا تەنیا لە رۆژی ۸/۱۱/۲۰۲۳ بۆ مەنەفێست بڕی نزیکەی ملیۆنێک دینار بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتی وەرگیراوە.

۶۳۰ تانکەر * ۳۰ تەن * ۵۰ دۆلار = ۹۴۵ هەزار دۆلار.

تەنیا بە ڕەوانەکردنی نەوتەکە کاری تانکەرەکان تەواو نابێت، بەڵکوو لەوسەریشەوە باری تایبەت لەگەڵ خۆیان دەهێننەوە و ئەویش داهاتێکی ترە، بە نموونە لە ئێرانەوە گازوایل ، بەنزین، ئێن تی بی، ریفۆرمێنت، ئارۆ کە تەنی ۷۰ دۆلاریان لێوەردەگیرێت، هەموو ئەمانە لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە.

News Code 222479

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha