بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە فڕۆکەخانەی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هۆکاری سەردانەکەی بۆ هەولێر رایگەیاند: بەندە وەکو وەزیری نەوت بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا کە لە دوو بریکارە سەرەکییەکەی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی فەرمانگە گرنگ و سەرەکییەکانی وەزارەتی نەوت پێکدێت، هاتووین. ئامانج لە سەردانەکە لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو. وەکو دەزانن یاسای بودجەی عێراق ئەو بڕە نەوتەی دیاریکردووە کە پێویستە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت، کە نزیکەی ۴۰۰ هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا".
وەزیری نەوتی عێراق وتیشی: "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی لەگەڵ برایان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆ ببینەوە. مەبەست لەم کۆبوونەوەیە چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشانەیە کە ئاسانکاری بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەکەن. هەناردەکردنی نەوت بۆ دەوڵەتی عێراق زۆر گرنگە، چونکە سەرچاوەکانی دەوڵەتی عێراق بەشێوەی سەرەکی پشت بە هەناردەکانی نەوت دەبەستن و ئەو پارەیەی لە هەناردەکردنی نەوتەوە بەدەستدێت، بۆ پارەدارکردنی بودجەی عێراقە. پشتیوان بە خوا بە هاوکاریی ئەو برایانەی لەگەڵمانن و برایان لە هەرێمی کوردستان جیدین لەو پرسە."
حەیان عەبدولغەنی ئەوەشی ڕاگەیاند: "لێکتێگەیشتنی سەرەتایی هەیە و ئەمڕۆ و بەیانی پشتیوان بە خودا دەگەینە چارەسەر"، سەبارەت بە نەوتی کوردستانیش، وەزیری نەوت باسی دوو قۆناخی کرد و گوتی، "قۆناخی یەکەم بریتی دەبێت لە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان و برایان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و گونجاندنی ئەو گرێبەستانەی ئێستا هەن، رێکبکەوین بۆ ئەوەی لەگەڵ یاسای بودجە و دەستووری عێراق بگونجێندرێت و ئومێد دەکەین لەماوەی ئەم دوو، سێ رۆژەدا بگەینە رێککەوتن. قۆناخی دووەمیش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لێتێگەیشتنمان هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی هێڵی عێراقی تورکییەوە".
Your Comment