کوردپرێس: درەو میدیا ڕاپۆرتێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی بڵاو کردۆتەوە کە لە درێژەدا هاتووە
ووردەکاری دانیشتنە چوار قۆڵیەکە ...
ئەتوانین پێکەوە کاربکەین؟
ئەمڕۆ بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام بووە شوێنی گفتوگۆی گەرمی نێوان کوڕانی تاڵەبانی و بارزانی، گفتوگۆیەک هێندەی نەمابوو بگاتە مریشکە رەشە، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی دۆخەکەی هێور نەکردایەتەوە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەگەیتە لێکترازانی یەکجارەکی، وەک سەرچاوەکانی درەو ئاماژەیان پێکرد.
بۆ دەستکەوتنی ووردەکاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی باڵای پارتی و یەکێتی، بەتایبەتیش کۆبوونەوە چوار قۆڵیەکە، درەو لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای پارتی و یەکێتی قسەیکردووە کە بەشداربوون و لە نزیکەوە ئاگاداری ووردەکاری کۆبوونەوەکەبوون.
سەرەتا وەفدی یەکێتی درەنگ گەیشتنە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی بەهۆی ئەوەی بڕیاربووە بافڵ تاڵەبانی بە هێلی کۆپتەر بچێتە پیرمام بەڵام رێگە نەدراوە، بۆیە وەفدەکەی یەکێتی درەنگتر گەیشتوونەتە پیرمام.
سەرەتا نێچیرڤان بارزانی بەخێرهاتنی وەفدی میوانی کردووەو بە پرسیارێک دەستیپێکردووەو " ئایا ئێمە دەتوانین پێکەوە کار بکەین یان نا؟"
بافڵ تاڵەبانی ئێمە لەگەڵ رێککەوتنین بەڵام دەبێت پێشتر کێشەکان چارەسەر بکەین، ئێنجا قەڵەم بخەینە سەر کاغەز و رێککەوتنێکی نوێ بکەین ئەوەشی ووتووە پارتی پەلەیەتی لە رێککەوتنی نێوانمان لە کاتێکدا دەبێت کێشەکان یەکلایی بکەینەوە ئینجا رێککەوتن بکەین، لایەنی پارتی رایانگەیاندووە ئێمە پەلەی چیمانە وادەزانن ئەگەر رێکنەکەوین ئێمە رووبەرووی کێشەو گرفت دەبینەوە، هەر با رێکنەکەوین بزانین چی روودەدات، لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی زۆر بێمەنەت بووە زۆر بە بێمنەتی قسەیان کردووەو وتوویانە ئێوە پەلەتانە لە رێککەوتن، ئەزانین کێشە هەیەو حکومەت رووبەرووی کێشە بووەتەوە.
کۆبوونەوەکەو گفتوگۆکان ئاسایی بوون و هەردولا گلەیی و موچەجامەلەی یەکدیان کردووە، دواتر بافڵ تاڵەبانی داوای کۆبوونەوەی چوار قۆڵی کردووە لە نێوان ( نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی).
کۆبوونەوەی چوار قۆڵی
کۆبوونەوەکەی نێوان وەفدی باڵای یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەی بەرپرسان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیەوە گۆڕا بۆ کۆبوونەوەی کۆڕانی تاڵەبانی و بارزانی ( نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی)، ئەم چوار کەسە چوونە ژوورە تایبەتەکەی ئازاد بەرواری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی، لەوێدا قسەی تووندوو رووبەرووبونەوە لە نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی روویداوە، بەتایبەت دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی رازی نەبووە لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا بنوسرێت پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.
• مەسرور بارزانی بەو هەڵوێستەی بافڵ تاڵەبانی زۆر توڕەو نیگەران بووەو تویەتی ئێوە دژایەتی حکومەت دەکەن لەکاتێکدا بەشدارن لە حکومەتدا.
• بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: ئەو حکومەتە حکومەتی تۆیە، بە فیعلی یەکێتی بەشدارنیە، هیچ دەسەڵاتێکت بۆ وەزیرەکان نەهێشتووەتەوە.
• قوباد تاڵەبانی وتوویەتی: تەنیا بە وەرقە دەسەڵاتدراوە بە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەرزی واقیع جێگری سەرۆکی حکومەت هیچ دەسەڵاتێکی نیە.
• بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: ئەم کابینەیە جیاوازی دەکات لە نێوان ناوچەکانداو رێگری لە پرۆژەکانی سلێمانی دەکات.
• مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: ئێمە ئەزانین ئێوە چیتان کردووەو چۆن لە بەغدادەوە رێگریتان درووستکردووە بۆ حکومەت، لە هەموو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم ئێوە بەشداربون، ئاگادار بوون.
• مەسرور بارزانی وتویەتی: ئێوە لە یاسای بودجەدا جێگیرتان کردووە کە ئەتوانن موچەی سلێمانی لە بەغدادەوە دابین بکەن، من مەمنونتان دەبم کاک بافڵ مادام پەیوەندییەکانت لەگەڵ بەغداد باشە موچە لەبەغداد دابین بکەن بۆ ئەوەی خەڵکی سلێمانی بێ موچە نەبن و مامۆستایان بتوانن بچن وانە بە قوتابیان بڵێنەوە، بۆچی نایکەیت؟
• مەسرور بارزانی وتوویەتی ئێوە غازەکەتان رادەستی بەغداد کردووەو ئەو ئەو پرسە بەبێ رێککەوتنی ئێوە نەکراوە، لەکاتێکدا ئەوە ئیشی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
• بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: بەڵێنت پێدەدەم رێگە نەدەم غازی کۆرمۆر بەبێ رەزامەندی حکومەتی هەرێم رەوانەی کەرکوک بکرێت.
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکان بە (درەو)ی راگەیاند: لە کۆبوونەوەکدا قسەی توندو رووبەروبوونەوە لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانیدا روویدا، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی لەوێ بەشدارنەبوایەو دۆخەکەی هێورنەکردایەتەوە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەگەیشتە ئاشتی دابڕانی یەکجارەکی.
ماوەیەکی زۆر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و وەفدی هەردوولا چاوەڕێی دانیشتنە چوار قۆڵیەکە بوون، ئەندامانی تری وەفدەکە بەتایبەت ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیگەران بوون لەو شێوازە کۆبوونەوەیە، لە کاتی دانیشتنە چوار قۆڵیەکەدا داوای چوونە ژوورەوەی عیماد ئەحمەد لە یەکێتی و مەحمود محەمەد لە پارتی کراوە بچنە دانیشتنە چوارقۆڵیەکەوە بۆ نوسینی راگەیەندراوی هاوبەش، کۆبوونەکە کۆتاییهات و بافڵ تاڵەبانی گەیشتەوە بەغداد.
راگەیەندراو
راگەیەندراوێکی هاوبەشی نێوان هەردوولا بڵاوکرایەوە یەک بڕیاری تێدا دراوە ئەویش رێککەوتوون کە "کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی خاڵە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنی گیر و گرفتەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کورستان".
تاکە بڕیاری ناو ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیان، بەردەوامی کۆبوونەوەکانە "بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوامیان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئالیەتێکی گونجاو دیاریکرا، شایەنی ئاماژەیە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئارام و ئیجابیدا بەڕێوەچوو".
بارزانی نایەوێت لەگەڵیان کۆ بێتەوە
یەکێتی بە سەرۆک و پارتی بە جێگرانی سەرۆک بەشداربوو لە کۆبوونەوەدا، هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکەی وەفدی باڵای یەکێتی و پارتی لە پیرمام، مەسعود بارزانی لەگەڵ د. سامان بەرزنجی وەزیری تەنروستی کۆبووەتەوە.
بارەگای بارزانی کەمتر لە یەک کیلۆمەتر لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتیەوە دوورە کە کۆبوونەوەکەی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج کاتژمێر بەردەوام بوو تیایدا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەمانکاتدا پێشوازی کردووە لە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و باسی دۆخی تەندروستیان کردووە، ئەم پێشوازیەی بارزانی کە هاوکاتە لەگەڵ کۆوبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی دەرخەری ئەوەیە کە مەسعوود بارزانی نایەوێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی کۆ ببێتەوە بەتایبەت سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی، پێشتریش کۆبوونەوەی نێوان وەفدی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، وەفدی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی بوو، بەڵام بارزانی ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو، لە هەمان کاتی کۆبوونەوەکە بارزانی پێشوازی لە د. عادل باخەوان نووسەر و مامۆستای زانکۆ کردبوو.
Your Comment