ژیانی لایەنگران و ئەندامانی HDP لە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە

بەشی تورکیا- نوێنەرایەتیی هەدەپە رایگەیاند، ژیانی لایەنگران و ئەندامانی حزبەكەیان لەلایەن دەزگای هەواڵگری میتی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێریڤان گونەش، پەرلەمانتاری هەدەپە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان هەڕەشە و مەترسی لەسەر گیانی لایەنگرانی هەدەپە هەیە، بۆیە ئەرکی حکوومەتە پارێزگاری لە گیانی ئەندامان و لایەنگرانمان بكات.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: هەدەپە کار و چالاکیی سیاسی، بە شێوەیەکی دیموکراسی ئەنجام دەدات، بە جۆرێک هەدەپە لە پێناو مافەکانی گەلی کورد لە کوردستان تێکۆشان دەکات.

باسی لەوەش کرد: ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریدا نین، کوردانی کوردستانی تورکیا لە ژێر هەڕەشە و مەترسی میتی تورکیادا ئاوارەی هەرێم بوون، هەروەها لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی میتی تورکیایان لەسەرە.

وتیشی: لە ڕۆژی ۲۹ـی مانگی ڕابردووەوە، لە یادی ۱۰۰ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، چەند کەسێک چاودێریی بارەگای نوێنەرایەتی هەدەپە دەکەن لە شاری هەولێر، هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر بارەگای هەدەپە و هەوڵی تیرۆکردنی ئەندامان بدرێت، بەڵام پلانەکانیان سەری نەگرت.

بێریڤان گونەش ئاماژەی بەوەش کرد: ئەرکی دەسەڵاتداران و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، پارێزگاری لە سەر و گیانی ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها حکوومەت پیلانگێڕانی پشت ئەم ڕووداوانە بۆ ڕایگشتی ئاشکرا بکات و بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

لە کۆتاییدا باسی لەوەش کرد: داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندارەکان دەكەن ڕێگا نەدرێت پەنابەرانی سیاسیی ژیانیان لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدا بێت، هەروەها پێویستە حکوومەتی هەرێم ڕێگا نەدات هەرێمی کوردستان ببێتە جێگای تیرۆرکردن و کوشتنی کوردان.

News Code 222444

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha