ڕێبەری باڵای شۆڕش: عێراق دەتوانێت ڕۆڵی تایبەتی هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەو قەتلوعامەی لە غەززەدا دەکرێت

بەشی ئێران- محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند،  عێراق هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ په‌یوه‌ندی کردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی برا و دۆست، به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی هه‌ڵوێسته‌کان و گرتنه‌به‌ری هه‌نگاو بۆ سنووردارکردنی ده‌ستدرێژییه‌ به‌رده‌وامه‌کانی دژی گه‌لی فه‌له‌ستین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆک وه‌زیران، محه‌مه‌د شیاع سوودانی له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ تارانی پایته‌خت، له‌گه‌ڵ ئایەتۆڵڵا عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبۆوه‌، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا تیشک‌خرایه‌ سه‌ر ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌کان که‌ له‌ که‌رتی غه‌ززه‌ ڕووده‌ده‌ن، ئه‌و کوشتن و کۆمه‌ڵکوژییانه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ دژی فه‌له‌ستینییه‌کان ئه‌نجام ده‌درێن و هه‌روه‌ها زیادبوونی ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی به‌ ده‌ستی هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی زایۆنیستی.

ئایەتۆڵڵا خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سه‌ر پێویستی درێژه‌دان به‌ هه‌وڵ و تێکۆشان پێداگری کرد، به‌مه‌به‌ستی ڕاگرتنی ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ قه‌واره‌ی زایۆنیستی دژ به‌ گه‌لی فه‌له‌ستین ئه‌نجامیان داوه‌ و داوای‌کرد، ڕێوشوێنی به‌په‌له‌ بگیرێته‌به‌ر بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تییه‌کان به‌ غه‌ززه‌.

ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی عێراق و توانای وڵاته‌که‌ی کرد، وه‌ک وڵاتێکی سه‌ره‌کی بۆ کۆتاییهێنان به‌و ڕووداوانه‌ی له‌ غه‌ززه‌ ڕووده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی دروست‌کردنی هێڵێکی نوێ له‌ جیهانی عه‌ره‌بی و جیهانی ئیسلامیدا.

لای خۆیه‌وه‌ سوودانی له‌ میانی کۆبوونه‌وه‌که‌دا پشتڕاستی‌کرده‌وه‌، عێراق هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ په‌یوه‌ندی‌کردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی برا و دۆست، به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی هه‌ڵوێسته‌کان و گرتنه‌به‌ری هه‌نگاو بۆ سنووردارکردنی ده‌ستدرێژییه‌ به‌رده‌وامه‌کانی دژی گه‌لی فه‌له‌ستین، هه‌روه‌ها ڕێگه‌دان به‌ تێپه‌ڕبوونی کاروانه‌ یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌کان.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی کرد، که‌ ده‌ستبه‌رداری به‌رپرسیارێتی خۆی بووه‌ و له‌ ڕاگرتنی دڕنده‌یی ئیسرائیل و ڕازی بووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی تاوان و جینۆساید و ئاواره‌بوونی زۆره‌ملێ و سیاسه‌تی برسێتی دژی فه‌له‌ستینییه‌کان.

سوودانی ئاماژه‌ی به‌ په‌ره‌سه‌ندنی خێرایی هاوکارییه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات کرد به‌ره‌و کۆمه‌ڵێک دۆسیه‌ که‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ سه‌قامگیری هه‌ردوو وڵات و گه‌یشتن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌له‌کانیان.

News Code 222438

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha