کار بۆ ئەوە دەکەین پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرینەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەربژێرێکی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکەدا کار بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەسما ئەمین، بەربژێری ژمارە چوار لە لیستی ۱۹۷ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لەبارەی لێکردنەوەی پۆستەر و وێنەکانیان لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شتێکی ئاساییە و لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەو شتانە نەک بۆ پارتی، بەڵکوو بۆ هەموو لایەنەکان ڕوو دەدەن."

ئەسما ئەمین گوتیشی، "هیچ لایەنێک تۆمەتبار ناکەین. شارەکە کورد، عەرەب، تورکمان و هەموو ئایینەکان لەخۆدەگرێت؛ هەروەها کەسانی نوێش هاتوونەتە شارەکە؛ حەشدی شەعبی لە شارەکەیە؛ عەرەبێکی هاوردەی زۆر لە شارەکەیە، سەرەڕای ئەوەش ناحەزمان زۆرە."

ئەو بەربژێرەی پارتی گوتی، "ئەمن و ئاسایش نییە؛ منداڵێک زۆر بە ئاسانی لە شەقام پۆستەرەکانمان دەشێوێنێت و ناتوانرێت کەسیش تۆمەتبار بکەیت، چونکە لە شەقامەکان کامێرا نییە."

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ۱۵ کورسی پێکدێت. ئەسما ئەمین دەڵێت، "هیوادارین کورد ۱۰ کورسی کەمتر نەهێنێت؛ ئەگەر ۱۰ کورسیش نەهێنین، ئەوە پارتی و یەکێتی ۸ دەهێنین. کار بۆ ئەوەش دەکرێت پۆستی پارێزگای کەرکووک وەربگرینەوە."

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە ۱۵ کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعیی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە ۱۴۲؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە ۱۹۷؛ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری بە هاوپەیمانیی "مەشخەڵی کەرکووک" بە لیستی ژمارە ۱۶۳؛ پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە ۲۰۲ و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە ۱۶۷ بەشدارن.

لە هەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۰۵ی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، کە ژمارەی کورسییەکانی ۴۱ کورسی بوو، لیستی "برایەتیی کەرکووک" کە لیستێکی کوردستانی بوو، ۲۶ کورسیی بەدەستهێنا و بەو جۆرەش پارێزگاری پارێزگاکە لە کورد بوو.

ڕۆژی چوارشەممە ۰۱-۱۱-۲۰۲۳ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە ۱۸-۱۲-۲۰۲۳ بەڕێوەبچێت. لەدوای ۲۰۰۳وە سێ جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە، بەڵام تەنیا یەک جار ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک کرا، ئەویش لە ساڵی ۲۰۰۵ بوو.

News Code 222429

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha