وردەکاریی شەڕەکەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەزاری بەرپرسێکی یەکێتییەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی قەرەچوخی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت لەو شەڕەی لەنێوان هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەی پێشمەرگە ڕووی‌دا، هێزەکەی پارتی دەستپێشخەربوون و چوونە سەر ڕەبییەکانی سوپای عێراق.

 بەپێی هەواڵی کوردپرێس، غازی فەیسەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی قەرەچوخی یەکێتی و بەرپرسی هێزی خۆبەخشی یەکێتی لە سنووری مەخموور و چیای قەرەچوخ وردەکاریی شەڕەکەی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بەم شێوەیە بۆ درەو میدیا دەگێڕێتەوە:

ئەو ناوچەیەی چیای قەرەچوخ چەند هێزێکی لێیە سوپای عێراق، پێشمەرگەی پارتی، گەریلاکانی پەکەکە، چەکدارانی داعش، هێزێکی یەکێتی لە دامێنی چیاکە بەردەوام لەو ناوچەیە گرژی هەبووە و بەهۆی مەترسی چەکدارانی داعش ئەو بنکانەی پەکەکە لەو شوێنەی پشتی کامپی مەخموور بوون بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی کەمپەکە.

کاتی خۆی کە لە کەمپی مەخموور گرژی درووست بوو، پەکەکە هێزەکانی خۆیان هەموو کشاندەوە چوونە قەندیل تەنیا ۱۰۰ بۆ ۱۲۰ گەریلایان هێشتەوە لە دەوروپشتی کەمپی مەخموور لە ترسی چەکدارانی داعش،  بەڵام دوو ساڵی رابردوو سوپای تورکیا ۱۵ هێرشی کردە سەر ئەو کەمپە بە درۆن و دووجاریش بە فڕۆکەی شەڕکەر، هەمووکاتێکیش خەڵکی مەدەنی شەهید دەبوون، گەریلاکان لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئێمە پەیوەندیی و دۆستایەتیان هەیە هاتنە لامان و وتیان چی بکەین؟ ئێمە پێمان وتن ئێوە بەرەسمی لەژێر چاودێری حکوومەتی عێراقین و بڕۆن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی قسە بکەن، ئەوان چوون لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد قسەیان کرد، بەغداد پێیانی وت ئێوە دەوروپشتی کەمپی مەخموورمان بدەنێ ئێمە هەم لە زەوی دەتانپارێزین لە داعش، هەم لە ئاسمان دەتانپارێزین لە درۆنی تورکیا.

پەکەکە پێشتر رێککەوتنی لەگەڵ سوپای عێراق هەبوو، کە باکوور و باشوور و رۆژئاوای کەمپی مەخمووری ڕادەستی سوپای عێراقی کرد، رۆژهەڵاتی کەمپەکە لای شاخی قەرەچوخیان هێشتەوە لەوێ سێ خاڵیان هەبوو گەریلا، لەو ناوچەیە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو دیسان درۆنی تورکی لێی دانەوە ئەوان جارێکی تر داوایان لێکردین کە چی بکەین ئێمە پێمان وتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆ بکەن ئەوان چوونەوە لای حکوومەتی عێراق، بۆیە حکوومەتی عێراق داوایان کرد بەشی باکووری کەمپەکەشیان ڕادەست بکەن کە ئەوان بەشی رۆژهەڵات و باشوور و رۆژئاواشیان بەدەستەوەیە، بەڵام پەکەکە وتیان ئێمە دوو مەرجمان هەیە:

    دەبێت دڵنیابین لەوەی فڕۆکەی تورکی چیدی بۆردوومان نەکات

    نابێت هێزی پارتی بێتە ناو ئەو سێ ڕەبایەیی بەرامبەر کەمپەکە لەبەر ئەوەی ئێمە حەساسیەت و کێشەمان هەیە لەگەڵ پارتی.

سوپای عێراق رایانگەیاند کەئێمە هەردوو مەرجەکەمان قبووڵە، سوپای عێراق بەرەسمی هات و ئەو سێ بنکە و خاڵەی لە پەکەکە وەرگرت لە چیای قەرەچوخ وەرگرت بەڵام برادەرانی پارتی هاواریان لێهەستا و زۆر نیگەران بوون لە جێگیربوونی سوپای عێراق لەو ناوچەیە چوونکە ناوچەیەکی ستراتیژیە و دەڕوانێت بەسەر کەمپی مەخموور و قەزای مەخموور.

پارتی قبووڵی نەبووە هێزی هاوبەش لەوێ بێت بۆیە لەو شاخە یەکەی هەشتای پارتی لێیە کە دوو لیوان لیواکانی ۱۴-۱۸ لەگەڵ هێزێکی زێرەڤانی، کە تەواوی کەرەستەی سەربازییان هەیە و کاتی خۆی لە هاوپەیمانیان وەرگرتووە.

لەبەر ئەوەی پارتی لەو ناوچانەو سنووری نەینەوا زۆر لەگەڵ سونە بەینی هەیە و زۆربەی پۆستەکانی ئیدارەی مەخموور و ئەو ناوچانە لای پارتیە و قایمقام و بەرێوەبەری پۆلیس و جێگری پارێزگاری نەینەوا هەموویان پارتین، فەرماندەی زۆربەی ئەو هێزانەی سوپای عێراق لە هەولێرن و ئۆتۆمبێلی درع و خانووی چاکیان پێداون، زۆر هەوڵیاندا پارتی لە رێگەی ئەو پۆستانەوە ئەو سێ خاڵەی کەمپی مەخموور وەربگرن بەڵام سوپای عێراق وتیان ئێمە بە یاسا هاتووین.

غازی فەیسەڵ وردەکاریی ساتی شەڕەکە دەگێرێتەوە و دەڵێت: دوای ئەوەی نەگەیشتنە ئەنجام و هەموو هەوڵەکانیان بێ سود بوو بۆ چۆڵکردنی ئەو سێ بنکەیەی پەکەکە، لیواکەی پارتی هێرشی بۆسەر سوپای عێراق کرد "هێرشەکەیان نامەردانەبوو" فەرماندەی لیواکەی پارتی چوبوو بۆ لای رەبیەکانی سوپای عێراق ئەو رەبیانەی کە پەکەکە رادەستی سوپای عێراقی کردبوون، لەگەڵ سەربازانی سوپای عێراق قسەیان کردبوو سەلام و تەوقەیان لەگەڵ یەکردبوو، فەرماندەی لیواکەی پارتی وتبووی بۆچی لێرەن و کو هاتینەو دەبێت بڕۆن، سەربازەکانیش وتبوویان ئێمە سریەو فەرماندەی سریەمان هەیە، فەرماندەی فەوجمان هەیە، ئێمە دەرمەکەن پێیان دەڵێین پێویستە لەگەڵ ئەوان قسان بکەن، لای خۆی هەموو رۆژێک لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای عێراق بەیەکەوەن و پرۆسەی ژووری هاوبەشیان هەیە هێزەکانی پارتی تیایدا ئەندامن، بۆیە سەربازانی سوپای عێراق وتیان ئێمە ناتوانین ئەم رەبایانە چۆڵ بکەین، هەربۆیە لیواکەی پێشمەرگەی پارتی بە هەمەر و هێزێکی زۆرەوە چەکیان لێڕاکێشابوون و دوان سیانێکیان لە سوپای عێراق چەک کردبوو، تەقە لە نێوانیان درووست دەبێت، لەیەکیان دابوو ، لەو نێوانەدا دوو سەربازی سوپای عێراق کوژراو ۶ی دیکە برینداربوون، دوو پێشمەرگەش کوژرا و ۸ی دیکە برینداربوون.

 دوای ئەو شەڕە کە ماوەیەکی کەمی خایاند هەموو هاتنە سەرخەت بەڵام حکومەتی بەغداد و حەشدی شەعبی زۆر توڕەبوون، هێزێکی گەورەی حەشدی شەعبی گەیشتە مەخمور وتیان ئەگەر رەبییەکان چۆڵ نەکەن لە ماوەیەکی زۆر کەمدا تا دیبەگە راتان دەپێچین، باشبوو پارتی لاملیان نەکردوو یەکسەر رەبییەکانیان چۆڵ کرد و تەسلیمی سوپای عیراقیانکرد هێشتا هێزەکان بەرامبەر یەک ماون، ئێستا ئەو رەبایانە سوپای تێدایەو هێزەکەی پارتی چۆڵیانکرد.

ئەو رەبایانەی چیای قەرەچوخ هەر لەسەر کەمپەکەی مەخمورەو   بە نزیکەی ۸۰۰ مەتر لە کەمپەکەوە دوورن ئەو خاڵانە ۵۰۰ مەتر لە رەبییەکانی پارتی دوورن.

لەوەتەی پێشمەرگە کشاوەتەوە لە ۱۶ی ئۆکتۆبەر تا ئێستا حەشدی شەعبی نەهاتوونەتە ئەو ناوچەیە، بەس سوپای لێبووە، بەڵام دوێنێ لەگەڵ ئەو شەڕە حەشدی شەعبی هاتنە ئەو ناوچەیەو ئێستا لەوناوچەیە جێگیرکراون، چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو لیژنانەن کە دەریکردوون. ئێستا دۆخەکە ئاساییبووەتەوە بەیاننامەکەی وەزارەتی پێشمەرگە کەمێک تەنازولی تێدایە هەردوولای بەشەهید ئەژمارکردووە. ئێستا کەمپەکە بەتەواوی لەژێر دەستی سوپای عێراقەو لەو کاتەوە هیچ بۆردوومانێکی تورکیا نەکراوە.

ئەو خاڵانەی سوپای عێراق یەک ئەفسەریشی لێنەبووە هەر سەربازی لێبووە،  ئەوان نەیاندەزانی پێشمەرگە لێیان دەدەن.

پەکەکە حەزی نەدەکرد هێزەکەی پارتی لەو شوێنە جێگیر بێت، پەکەکەو پارتی حەز بە یەکدی ناکەن، پەکەکە پێی ناخۆش بوو هێزەکەی پارتی لەوێوە چاودێرییان بکەن، ئەگەر هێزەکەی پارتی ئەو خاڵانەی بگرتایە، بەتەواوی دەیتوانی چاودێری کەمپەکە بکات، بۆیە ئەوان گومانیان لە هێزەکەی پارتی هەیە چاوساغی بکەن بۆ بۆردومانی درۆنەکان چونکە چەند جارێک درۆن هاتووەتە سەریان و گەڕاوەو بە چاوی خۆیان بینیویانە.

ئێمە شەڕەکەمان لێ‌دیاربوو بە چاوی خۆمان بینیمان، سوپای عێراق نەیاندەزانی بۆ ئەوە چوون، پێشمەرگەی پارتی لەناکاوو بەبەرنامە چوبوونە سەریان، بەهێزێکی زۆر و چەند هەمەرێکەوە.

News Code 222365

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha