بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاندووە: دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا و رێککەوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کرابوو کە بەغدا مووچەی سێ مانگ ڕەوانە بکات بۆ هەر مانگێک ۷۰۰ملیار دینار و کۆی گشتی پارەکەش دوو ترلیۆن و ۱۰۰ملیار دینارە بۆیە بۆ مانگێک پارەکە ڕەوانە کراوە و پارەکەش لەرێگەی سێ بانک رەوانە دەکرێت ئەوانیش بانکی ڕەشید و رافیدەین و تی بی ئای.
ڤیان سەبری وتیشی: پشکی هەرێمی کوردستان دەدرێت ۱۲،۶۷%لە ئینفاق فعلی، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی داهاتەکانی عێراق بدرێت نەک ئینفاق فعلی بۆیە پێویستە ئەو بڕگەیە لە بودجە هەموار بکرێتەوە و ئێمەش کار دەکەین بۆ هەموارکردنی بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بە تەواوی رەوانە بکرێت و ئینفاقی فعلی ونافعلی نەمینێت.
ناوبراو وتیشی: ئەگەر مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران رەوانە بکرێت، ئەوکات دوو مانگ دەمینێت و پێویستە حکومەتی عێراق مووچەی ئەو دوو مانگە رەوانە بکات و لە کۆتایی ساڵیش تەسفیەی حیسابات بکرێت و یەکلایی بکرێتەوە.
Your Comment