هەڵویستی ئەمریکا لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا

بەشی جیهان- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت وڵاتەکەی نیگەرانە لە چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا و کاریگەریی هێرشەکان لەسەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانەکانی ناوچەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا بە‌بێ ئەوەی کە ناوێک لە تورکیا ببات رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانە لە چالاکییە سەربازییەکانی باکووری سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانەکەی؛ هەروەها کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی لەنێوبردنی یەکجاریی داعش".

ماتیو میلەر ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی ئەوان لەبارەی پێشهاتەکانی تایبەت بە سنووری نێوان تورکیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەگۆڕدراوە و "بەردەوامین لەوەی پشتگیری لەو هێڵی ئاگربەستە بکەین کە هەیە و داوای راگرتنی تووندوتیژییەکانیش دەکەین.گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لە ئاگربەستەکە بگرن و بەردەوامیش بێت".

مەبەستی ماتیو میلەر لەو هێڵی ئاگربەستەیە تشرینی یەکەمی ۲۰۱۹ و دوای هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە کوردستانی سووریا بە نێوەندگیریی ئەمریکا دیاریکرا.

لەو بارەوە ماتیو میلەر وتیشی: "گرنگە کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێنرێت تاوەکوو سەقامگیریی لەنێو سووریا بەرقەرار بێت و کار بکرێت بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ئەو ناکۆکییە".

News Code 222292

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha