ئاوارەکان بە بڕیار نەهاتوون تاوەکوو بە بڕیار بگەڕێنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاوارەکان بە بڕیار نەهاتوونەتە هەرێمی کوردستان تاوەکوو بە بڕیار بگەڕێنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێبەر ئەحمەد لە وتارێکدا لەکاتی کردنەوەی ژووری ئۆپراسیۆنەکان بۆ بەڕێوەبەردنی قەیران و کارەساتەکان لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC وتی، وەکچۆن لە رابردوودا لەکاتی هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە و بڕینی بوودجە و مووچە و شەڕی داعش بووینەوە، لەوکاتە کە بەشە بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بڕدرا زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی ڕوویان کردە هەرێم.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش‌داوە، ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و نەبوونی دڵنیایی بوو، خەڵک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕوویان کردە هەرێمی کوردستان، بڕیاری حکوومەت و خەڵکی هەرێم ئەوەبوو بەهانای خەڵکەوە بچن، بەشێکی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام تاوەکوو ئێستاش نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

وەزیری ناوخۆی هەرێم باسی لەوەش‌کردووە، هەندێکجار گوێمان لە لێدوانی سەیر و سەمەرەی بەرپرسانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەبێت، نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بابەتی پەنابەر و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئێمە بە ئەرکی مرۆیی و نیشتمانی خۆمان هەستاوین و دەرگامان بۆ ئاوارە و پەنابەران کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبین، هیچ روانگەیەکی سیاسیشمان بۆ ئەو بابەتە نییە، ئاوارەکان بە بڕیار نەهاتوونەتە هەرێم تاوەکوو بە بڕیار بگەڕێنەوە، بەڵکوو بە ئارەزووی خۆیان بڕیاریان‌داوە لە ناوچەکانی خۆیان لە ترس و دڵەڕاوکێ نەژین.

News Code 222290

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha