ڕێگری لە هەوڵەکانی سوودانی دەکرێت بۆ چارسەر کردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی لقی ۵ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، رایگەیاند: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و نابێ تەماشاکار بێت لە برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەشواق جاف بە تەلەفزیۆنی کوردستان۲۴ی گوت: "لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و کاتی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ لە عێراق، لایەنە سیاسییەکان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا، بەڵام بەداخەوە لە دوای ۲۰۱۰ تا ۲۰۱۴ فشارەکانیان دژی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، ئەمەش پەیوەندی بە عەقڵیەتی ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقەوە هەیە کە تائێستا باوەڕیان بە مافەکانی میللەتی کورد نییە، راستە لە دەستووری عێراق ئاماژە بە مافی گەلی کورد کراوە، بەڵام لە راستیدا کاری پێ نەکراوە، لە هەموو کابینەکانی حکوومەتی عێراق جێگیر دەکرێن، بەڵام دواتر پەشیمان دەبنەوە".

سەبارەت بە یەكریزی ماڵی کورد لە بەغدا، ئەشواق جاف دەڵێت: "تا کۆتایی خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق کورد یەکدەنگ و یەكڕیز بوو، بەڵام هەندێک لایەن بۆ تەواوکردنی پلانەکانیان، لەلایەک کارتی فشاریان دروست دەکرد، یەکێک لەوانە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ جێبەجێ کردنی ماددەی ۱۴۰، کە بودجەی بۆ جێبەجێ کردنی ماددەکە کەم کردەوە، هاوکات گرفتیان بۆ شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە دروست دەکرد، کە بەپێی دەستوور هێزێکی دان پێدانراوە و مافی هەیە، دواتر قوتی خەڵکی کوردستانیان بڕی، تا ئێستاش هەر فشارەکانیان زیاتر کردووە، هەروەها کاریان لەسەر ئەوە کردووە درز بخەنە نێو ماڵی کورد، ئەوەشیان کرد، بەداخەوە کورد بەهۆی ئەو پلانەنانەی لە دژی جێبەجێکرا یەکڕیز و یەکدەنگ نەبوون، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ لایەنەکانی دیکە کە بەهێزتربن لە پێنەدانی مافەکانی کورد".

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: "بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ئەوە بوو کە متمانەی خەڵکی کوردستان بە دەست بهێنن، بەڵام خەڵکی کوردستان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پشتیوانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و شکستیان بە پلانەکان هێنا.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: "محەممەد شیاع سوودانی هەوڵ دەدات کێشەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکات، بەڵام هەموو دەسەڵاتێکی نییە چوونکە ئەو بەشێکە لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەگەر خۆی بڕیار بدات لە چوارچێوەی دەستوور دەیدات، بەڵام ئایا رێگەی پێدەدرێت؟، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام باوەڕناکەم رێگە بە سوودانی بدرێت، بە بۆچوونی من ڕەزامەندی دانی حکوومەتی عێراق بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادەسازییەک بوو بۆ سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن کێشەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر کردووە، بەپێی ئەو پڕۆژەی کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە حکوومەتی عێراقی داوە، دەبێ لە قۆناغی داهاتوودا مووچەی سێ مانگی دیکەش بنێرن".

News Code 222186

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha