بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرلەشکر باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند بەپێی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، بڕیاردراوە تاوەکوو رۆژی ۱۹ی مانگی (ئەیلول۹) سەرجەم هێزە کوردییەکانی دژبە ئێران چەکبکرێن و دوور بخرێنەوە بەڵام لە ماوەی شەش مانگدا، ئەو هێزانە تەنها کەمێک لە سنووری ئێران دوورخراونەتەوە.
ناوبراو زیادی کرد هەوڵەکانی حکوومەتی عێراقی لە جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکە بەرزدەنرخێنین، بەڵام پێویستە تەواوی دەقی رێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بە هەموو بەندەکانیەوە جێبەجێ بکرێت.
سەرلەشکر باقری ئەوەشی خستەڕوو، وەک ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران وتی، دەبێت هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران چەکبکرێن و لە ناوچەکانی هەرێم و عێراقیش دووربخرێنەوە.
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزەکانی ئێران باسی لەوەش کرد، سەرۆک کۆمار داوای لێکردووین چەند رۆژێک چاوەرێ بکەن، دوای ئەو چەند رۆژە، تیمی چاودێری ڕەوانەی ئەو ناوچانە دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت، پرۆسەی چەککردنەکە بە تەواوی جێبەجێ کراوە یان نا.
Your Comment