داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دەکەین ڕێگری لە ده‌ستدرێژییه‌کانی تورکیا بکەن

بەشی سووریا- ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا له‌باره‌ی هێرشه‌کانی تورکیا بۆسەر هێزەکانیان رایگەیاند هێرشەکانی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە رێگری لە شەڕی دژی تیرۆر دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا له‌باره‌ی هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستانی سووریا، باسی له‌وه‌کردوه‌: "دەوڵەتی تورکیا و هێزە هاوپه‌یمانه‌کانی دوای ئەوەی نەیانتوانی ئامانجەکەیان کە شکستپێهێنانی ئیرادەی گەل بو به‌دیبهێنن، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستیان کردووه‌ بە ئامانجگردنی ناوچه‌که‌ و دەیانەوێت بە بیانووی درۆ و بە دروست‌کردنی فیتنە یەکێتی گەلەکەمان لەناوببەن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، ئامانجی ئەو هێزانە پەرەپێدانی ململانێی تائیفییە، بەشداری تورکیا و لایەنەکانی دیکە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دێره‌زوور و ڕووداوەکانی پێشووی ناوچەکانی دیکە بەڵگەی ئەوەن که‌ ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ رێگری لە هەنگاوەکانی گەلەکەمان بکەن بۆ باشترکردنی حوکمڕانی، هاوکات ئامانجیان ڕێگری‌کردنە لە خەباتی بەردەوامی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانمان لەدژی تیرۆر.

لە بەیاننامەکەدا هاتووه‌، "دوێنێ لەسەر ڕێگای عامودا- قامیشلۆ تورکیا هێرشێکی ئه‌نجامدا و لە هەمان ڕۆژدا ئۆتۆمبێلێک لە شەنگال کرایه‌ ئامانج و پێش ئەوەش هەمان هێرش لە مەنبەج ئەنجام‌درا، لە ئەنجامدا شەڕڤانانی دژ بە تیرۆر شەهیدبوون، ئەمانە هەموو بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە تورکیا دەیەوێت بیانوو بۆ ژێردەستەیی خۆی لە ناوچەکەدا بدۆزێتەوە".

ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەتوندی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دژی ناوچەکە و گەلەکەی سه‌رکۆنه‌ ده‌کات و ده‌شڵێت: "لە پلەی یەکەمدا هێزەکانی دژە تیرۆر بە هاوکاری گەلەکەمان شەڕ دەکەن، داوا لە کۆمه‌ڵگه‌ی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی جددی و چالاکانە بنێت، دەبێت ڕێگری لە ده‌ستدرێژییه‌کانی تورکیا بکرێت، تورکیا بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان ڕێگری لە شەڕی تیرۆر دەکات، هیوا و مافی گەلەکەمان دوورنییە، چوونکە هێزمان لە ئیرادەوه‌ وەردەگرین".

News Code 222161

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha