هەرێمی کوردستان داوای تێچووی بەرهەم‌هێنانی نەوت لە حکوومەتی عێراق دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان داوای تێچوونی بەرهەمهێنان ‌و گواستنەوەی نەوت لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە، کۆی تێچووی بەرهەمهێنان ‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەئەستۆی حکوومەتی عێراقەو پێویستە خەرجییەکانی بدات.

خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بڕی ۲۴ دۆلارە، خەرجی گواستنەوەی هەر بەرمیلێکیش بڕی ۷ دۆلار دەکەوێت، واتا پرۆسەی بەرهەمهێنان‌ و گواستنەوەی هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم بە تێکرا ۳۱ دۆلار دەکەوێت.

لەیاسای بودجەی فیدراڵی عێراقدا، خەرجی بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دیاریکراوە، کە بڕەکەی ۶ دۆلارەو زۆر کەمترە لە خەرجی نەوتی هەرێم، سەرباری ئەمە لە بەرپرسانی عێراق ئامادە نین پارە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم تەرخان بکەن، چوونکە بەبۆچوونی ئەوان گواستنەوەی نەوت بابەتێکی فیدراڵییە و نابێت هەرێمی کوردستان بۆری تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەم بابەتەشیان لە ڕەشنووسی پرۆژەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا چەسپاندووە، کە تائێستا لەنێوان هەرێم‌ و بەغداد رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە‌ و نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندکردن.

کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت، بەمدواییە راگەیاند، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی ۲۰۲۳ی عێراقەوە هەرێمی کوردستان رۆژانە ۸۵ هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگەی کار کردووە کە کار بۆ حکومەتی عێراق دەکات، بەڵام بەغداد هیچ بڕەپارەیەکی بۆ وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا تەرخان نەکردووە.

خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە ۶ دۆلار دیاریکراوە بۆ هەر بەرمیلێک، کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتی لە هەرێم نیگەران کردووە، بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم کۆمپانیاکان بە فەرمی ئاگاداریان کردوون کە ناتوانن بەو بڕە پارەیە نەوت بۆ هەرێم بەرهەم‌بهێنن.

News Code 222130

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha