بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دۆخی عێراق و پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانەوە گوتی، "عێراق بەشێوازێک بەڕێوەدەبرێت کە لە ڕووی ئیدارییەوە نە شیعە لێی ڕازییە، نە سوننە و کورد، کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون خۆیان لە سەرووی یاسا و دەوڵەت و رێککەوتنەوەکانەوە دەبینن و بوونەتە بڕیاردەر و ئاستەنگ بۆ ئیشەکانی حکوومەت و ئەو رێککەوتن و کارنامانەشی کە لەسەری رێککەوتوون.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی گەڕانەوەی ئەو حیزبە بۆ کەرکووک و رادەستکردنەوەی بارەگاکانیان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "گەڕانەوەمان بۆ بارەگاکان، یەکێک بووە لەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردوومانە و جێگیرکراوە، ئەمە مافێکی یاسایی و دەستووریی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی کە مومارەسەی سیاسەت بکەن و چالاکیی لە هەموو شارەکانی عێراقدا بکەن. دوای ئەوەی کە ئەم کارنامەیە کەوتە واری جێبەجێکردن و بڕيار لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچوو بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان، کۆمەڵێک عەقڵییەت کە هێشتا بارگاوین بەو شێوازە بیرکردنەوەیەی کە لە کۆندا هەبوو، بوونە هۆی ئاڵۆزی و کێشە دروستکردن، بەداخەوە بە هاندانی هەندێک پەرلەمانتار و چاونووقاندنی هەندێک لە هێزە ئەمنیەکانی ئیدارەی کەرکووک، ئەم کارەساتە لەوێ ڕوویدا".
مەحموود محەممەد گوتیشی، "نازانم چەند رۆژبوو لەوێ چادر هەڵدرا و رێگە گیرابوو، لە گوڵ کاڵتریان بەو خەڵکە نەگوت، بەڵام کاتێک کۆمەڵێک گەنج و لاوی کورد هاتنە سەر جادە و پێیان گوتن ئەم رێگەگرتنە زیانی بە کەرکووک گەیاندووە، لە پەنای ئەوانەوە چەندین کەسیان شەهید و بریندارکرد و زیانێکی زۆری مادیشیان لە خەڵک دا. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا عەقڵی شۆڤێنی لەناو بەشێک لە دەزگەکانی کەرکووکدا ماوە و دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت و بەپێی دەستوور مامەڵە بکرێت، حەقی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە لە هەر شارێکی عێراق کە بیەوێت، چالاکیی سیاسیی بکات".
Your Comment