کوردپرێس
غالب محەمەد ئەندامی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەریی کوردپرێسدا باسی لە کێشەکانی نێوان عێراق و تورکیا کرد و وتی: تا ئێستا هیچ کێشەیەک لەنێوان عێراق و تورکیا چارەسەر نەکراوە بەتایبەتی لە مەسەلەی هەناردە کردنی نەوت چوونکە تورکیا دەیهەوێت تەرەفی سێهەم بێت، تەرەفی سێهەمیش واتا ئەوەی کە لە مەسەلەی هەناردە کردن و خەزن کردن و نەقڵ کردن و فرۆشتن و گەڕانەوەی پارەی نەوت لای شەریکەی بۆتاشی تورکیا بێت و ئەمەیش لە سەرەوەی دەسەڵاتی سۆمۆیە. سۆمۆ سێ دەسەڵاتی هەیە پارەکە لای سۆمۆ نییە لەبەر ئەمەش عێراق بە هیچ شێوەیەک لەسەر ئەم بابەتە ڕازی نییە. پرسێکیتر هەیە کە بەڕاستی تورکیا ئەیهەوێت کە ئەو پارە کە غەرامە کراوە لەلایەن دادگای پاریسەوە و بڕەکەشی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە یان عێراق وازی لێبێنێت یان ئەوەی کە هەرێمی کوردستان پارەکەی بدات ئەوەش عێراق قبووڵی ناکات بۆیە تا ئێستا نەگەیشتۆنەتە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک.
ئەندامی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق زیاتر وتی: تورکیا هەموو کارتە گوشارەکانی خۆی لەدژی عێراق بەکار ئەهێنێت بۆ مەسەلەیەکی سیاسی کە مەعرووفە و ئەویش مەسەلەی پەکەکەیە، یەعنی تورکیا ئەهیەوێت عێراق و لایەنە عێراقییەکان و حکوومەت و پەرلەمانی عێراق هەر چۆن بڕیاریان دا کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە یاسا دەربکرێن یاسایەکیش دەربکەن و بڵێن پەکەکە هێزێکی تیرۆریستە؛ عێراقیش ئەم کارەی بۆ ناکات هەر لەبەر ئەوەش زۆر جار هەموو ئەم کارتانە بەکار ئەهێنێت بەتایبەتی مەسەلەی ئاو بۆ ئەم مەبەستە بەکار دەهێنێت.
ناوبراو زیاتر وتی: عێراق پێویستی بەوە نییە نەوت هەناردە بکات من مەجمووعەیەک ئەرقامم لایە کە عێراق ئەتوانێت هەر ئەم نەوتەی هەرێمی کوردستان لەناوخۆدا سەرفی بکات یان ئەو موقایزە هەیە لە بەینی ئێران و عێراقە کە ئێران غازی بداتێ و لەبەرامبەردا عێراق نەوتی خاو یان نەوتی ڕەش بە ئێران بدات چوونکە ئێمە نزیکترین حدوودین لەگەڵ ئێران و شوێنێکی تریشمان نییە بیگوازینەوە. لەبەر ئەوەش مەسەلەی نەوت هیچ گرینگ نییە بەلای عێراقەوە بەڵام مەسەلەی ئاو گرینگە بۆ عێراق کە لەگەڵ تورکیا ڕێککەوێت، تورکیاش ئەمە دەزانێت و وەکوو کارتی گوشار بەکاری دەهێنێت.
Your Comment