مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بەبۆنەی ۷۷ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەی بڵاو کردەوە، کە لە ۱۶ـی ئابی ساڵی ۱۹۴۶ دامەزراوە.
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە: "هەلومەرجی کوردستان بە قۆناخێکی هەستیار و پڕ ئەرکدا تێدەپەڕێت، کە چارەنووسی هەرێم و هاووڵاتییانی پێوە بەندە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی پارت و هێزە سیاسییەکان رۆڵی شیاوی خۆیان ببینن لە بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسییانەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێک کە بە ئامانجی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و پێشێلکردنی دەستوور لەئارادا بێت."
سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ "پشتیوانی لە فەرمانی هەرێمیی ژمارە ۲۵۲ـی ساڵی ۲۰۲۳ـی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بە دیاریکردنی رۆژی ۲۵ـی شوباتی ساڵی ۲۰۲۴، وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هەڵبژاردنە متمانە و شەرعیەت بۆ دامەزراوەکانی کوردستان نوێ دەکاتەوە بە پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتێکی تازە، تا بونیادنانی دەستوورێکی سەردەمی بۆ هەرێمی کوردستان، کە حوکمڕانییەکی تۆکمەتری لێ بکەوێتەوە، هاوکات دەنگیشمان زوڵاڵتر دەکات لە عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی کوردستان".
Your Comment