بەغدا ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ هەولێر وەلانا یان گۆڕانکاریی تێدا کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە بەغدا ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ هەولێر وەلانا و بەشێوەی تاکەلایەنە گۆڕانکاریی تێدا کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی: لەم ماوەیەی رابردوو ئێمە چەند شاندمان ناردە بەغدا تاوەکوو گفتوگۆ بکرێت چ لەسەر بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە و چ لەسەر بابەتی بوودجە کە بەداخەوە چەندین ڕێککەوتنمان کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیران و حکوومەتی فیدڕاڵی، بەڵام پاشان ئەو ڕێککەوتنانە وەلا نران یان دەستکاریی کران و هەندێک بیروبۆچوونی دیکەیان لەسەر خەڵکی کوردستان سەپاند.

ناوبراو درێژەی دا: سەرەڕای ئەوەش ئێمە دیسان هەوڵمان دا و هەوڵیش دەدەین کە تا دوایین قۆناغ لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێک کە بەرهەمەکەی لە خزمەتی هەموو خەڵکی عێراق و بە تایبەت لە خزمەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، بەبێ ئەوەی ئێمە هیچ سازشێک لەسەر دەستکەوت و شایستە و مافە دەستوورییەکانمان بکەین.

بارزانی جەختی کردەوە ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانمان بکەین، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەینە ئەنجامێکی ئاشتییانە و ئەو کێشانەی هەن چارەسەر بکەین. لە ڕۆژانی داهاتووش جارێکی دیکە شاندی ئێمە دەچێتەوە بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بابەتی ناردنی بودجە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان درێژەی دا هەروەک دەزانن پێشتر گازاندەی ئەوە دەکرا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچە نادات یان لە کاتی خۆی مووچەی نەداوە، دەمەوێ ئەوە بڵێم کە هەتا ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کرا، حکوومەتی هەرێم بە شانازییەوە هەموو مانگێک مووچەی خەڵکی کوردستانی دابین کردووە. بە خۆشی بووبێت و بە زەحمەت و هەر جۆرێک بووبێت، بەڵام ئێمە ئەو بەرپرسیاریەتییەمان لە ئەستۆ گرت و لە خزمەتی خەڵکی خۆمان بووین.

ناوبراو زیاتر وتی: ئێستاش ئەو فشارەی لەسەرمانە دیسان ڕەنگە بۆ ئەوە بێت کە ئێمە واز لە هەندێک مافی دەستووریی خۆمان بێنین، بەڵام من دەمەوێ دڵنیاتان بکەمەوە کە ئێمە واز لە مافە دەستوورییەکانمان ناهێنین، بە پشتیوانیی ئێوە و خوای گەورە، بەردەوام دەبین لە داکۆکی‌کردن لەسەر هەموو مافەکانی خۆمان و گەشبینیشم بەوەی دەگەینە ئەنجامێکی باش لەگەڵ ئەم حکوومەتەش، تا ئەوانیش بودجە لە کاتی خۆیدا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بنێرن و بابەتی بودجەش نەکەنە بابەتێکی سیاسی و تێکەڵی کێشەی سیاسی نەکەن کە هەندێکجار بەداخەوە پاساوی بێ مانامان بۆ دێننە پێش.

News Code 221998

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha