سێ لیوای یەکەی ۷۰ گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، سێ لیوای دیکەی یەکەی ۷۰ گواسترانەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێ‌کردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێ لیوا لە فەرماندەیی یەکەی ۷۰، گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئەوانیش لیواکانی ۲۶، ۲۸ و ۳۰ـن.

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو سێ لیوایە خراونەتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و لە رۆژی دەرچوونی فەرمانی گواسنتەوەیان، بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەر لیوایەک لە دوو هەزار پێشمەرگە پێکدێت. عەمید عوسمان محەممەد دەڵێت: "بەو سێ لیوای ئەمڕۆ راگەیێندرا، تائێستا ۲۳ لیوای هاوبەش گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و چەند لیوایەکی دیکەش ئامادەکراون، کە لە ماوەیەکی نزیکدا گواستنەوەی ئەوانیش بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە ڕادەگەیەنن."

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوام لەلایەن سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، جەختی لەسەر دەکرێتەوە.

News Code 221977

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha