بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کوردانی فەیلی تەنیا لەبەرئەوەی کوردن و پشتیوانیی شۆڕشی کوردستانیان کرد، ڕووبهڕووی کوشتن، دەستگیرکردن و راگواستن و ونکردن و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانیان بوون.
لەو یادەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت: "جەخت لەسەر داواکاریمان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەینەوە بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای تاوانهکانی عێراق کە ئەو تاوانەی به جینۆساید ناساندووه، کوردە فەیلییەکان لە هەموو روویەکەوە قەرەبوو بکاتەوە و رەگەزنامە و ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکات."
لە پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "خوشک و برایانی فهیلیمان دڵنیا دهکهینهوه که هەمیشە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گێڕانهوهی مافهکانیان و بهدیهینانی دادوهری بۆ ئهوان و هەرچی پێویستە لەم بارەیەوە، درێخی ناکهین."
جینۆسایدی کوردانی فەیلی و هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە و ئهو تاوانانهی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "مێژوویەکی رەش و رابردوویەکی تاڵن کە جگه له نەهامەتی و ناسەقامگیری بۆ وڵات هیچی دیکەی نههێناوە."
نێچیرڤان بارزانی پێی وایە: "دهبێت ئەو رابردووە ببێتە پەند و وانه بۆ بهدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر کە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و هاوبەشی و قبووڵکردنی یەکدی و پاراستنی مافی ههموو پێکهاتهکان لە عێراقدا بنیات نرابێت."
جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە عێراق بە چەندین قۆناخ دەستی پێکردووە و لەسەردەمی پاشایەتییەوە تاوەکو رژێمی بەعس. گەورەترین قۆناخی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی ۱۹۸۰ بەپێی بڕیاری ۶۶۶ـی بەعس کوردانی فەیلی لە ماڵ و حاڵییان دەرکران و بێبەشکران و بڕیاردرا هەموو موڵکەکانیان لێوەربگیرێت.
Your Comment