بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بارودۆخی ئەمنیی شاری سلێمانی بڵاو کردووە و دەڵێت "بەداخەوە ماوەیەکە لە سنووری دەڤەری سلێمانی، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی، حیزبی و کەسییەکان، رۆژ بە رۆژ روو لەزیادبوونە، لەکاتێکدا پێویستە دەزگا ئەمنییەکان کە دەزگای فەرمی حکومەتن، ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نیشتمان و سەر و ماڵی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە دۆخی پێکەوەژیان و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بێت."
لە راگەیێندراوەکەی داواکاری گشتیدا هاتووە: "نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسی. لەو روانگەیەوە رایدەگەیێنین؛ هەندێک تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگاوە هەن، پێویستە رادەستی یاسا بکرێن و لەبەردەم دادوەردا ئامادەبن تاوەکو دادگا رێکاری یاسایی خۆی بەرامبەریان بگرێتەبەر."
داواکاری گشتی دەڵێت: "بە پێچەوانەوە، ئامادەنەبوون لەبەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاری دادگا و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حاڵەتەکانی تیرۆر، کوشتن، رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات و کۆمەڵگە بە گشتی لە ترس و دڵەڕاوکێ نائارامیدا بێت."
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دوو نووسراوی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیاندا ئاماژەی بە فەرمانی دەستگیرکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات، لە نووسراوێکدا کە رۆژی ۱۹ـی نیسانی ۲۰۲۳ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆی عەرەب کە سەر بە کۆمکاری عەرەبییە دەرکراوە و دەڵێت: "لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی کۆماری عێراق، داواکارین بگەڕێن بە دوای وەهاب هەڵەبجەیی، کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی و دۆمینیکایە و لە کاتی دۆزینەوەی رابگیرێت بەمەبەستی گەڕانەوەی."
لە نووسراوەکەدا هاتووە، گومان دەکرێت تۆمەتبار لە هەریەک لە وڵاتانی تورکیا (ئیستەنبووڵ)، فینلاند یان ئەڵمانیا بێت. لەبارەی هۆکاری راگرتنی وەهاب هەڵەبجەیی ئەنجوومەنەکە دەڵێت "لە رووداوێکی تیرۆردا تۆمەتبار کراوە. دوای ئەوەی ۷-۱۰-۲۰۲۲ پلانی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری لاندرۆزر لە ۳۲ـی پارک لە شاری هەولێری داناوە، کە بووە هۆکاری کوشتنی یەکێک لە ئەفسەرانی دژەتیرۆر و بریندارکردنی هاوسەر، خوشک و منداڵەکانی."
لە نووسراوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆی عەرەب دەڵێت، بەڵگەنامەی یاسایی بۆ راگرتنی وەهاب هەڵەبجەیی، بڕیارێکی ئاسایشی هەولێرە، کە رۆژی ۱۱-۱۰-۲۰۲۲ دەریکردووە.
نووسراوی دووەم، کە داواکاری گشتی بڵاویکردووەتەوە بڕیارێکی ئاسایشی هەولێرە، کە رۆژی ۱۱ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲ دەرکراوە و داوای دەستگیرکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات و دەڵێت "داوا لەسەرجەم ئەندامانی دادوەری و پۆلیس دەکەین وەهاب هەڵەبجەیی دەستگیربکەن، بەمەبەستی وەڵامدانەوەی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون."
نیوەڕۆی رۆژی هەیینی ۷-۱۰-۲۰۲۲ لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا هاوکار عەبدوڵڵا گیانی لەدەستدا. هەر لە رووداوەکەدا خوشکێکی عەقید هاوکار کە لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینی ئەو ئەفسەرە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
ئەفسەرەکەی دژەتیرۆری یەکێتی ماوەی نزیکەی ۱۰ ساڵ بوو لە گەڕەکی سەربەستیی هەولێر نیشتەجێبوو، خێزاندار و باوکی ۲ منداڵ بوو.
عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف، بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی بوو لە نەینەوا، بەڵام نزیکەی ۷ مانگ پێش کوشتنی، وازی لە کارەکەی هێنابوو.
Your Comment