دەنگی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان پەرت و بڵاو دەبێت/ پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراق ئەبێت ۱۴ لەسەد بێت نەک ۱۲.۶۷

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وەڵامی چەند پرسیاری لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەروەها پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق، دایە و وتی: بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە لە ساڵی ۲۰۰۹ تا ۲۰۱۹ لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق وەرم گرتووە پشکی هەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستان نزیکەی لە سەدا ۱۴بێت نەک ۱۲.۶۷.

کوردپرێس:

هەڵبژاردنی دابێی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەروەها پرسی بەشداریی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان لە سەرەکیترین تەوەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانن لەم بارودۆخەی ئێستادا.

هەروەها تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق و بڕگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لەو یاسایەدا؛ بابەتی دووهەمە کە کاردانەوەکانی لەبارەی ئایەندەی سیاسی و ئابووری و دەستووریی هەرێمی کوردستان، زیاد کردووە.

 هەواڵدەریی کوردپرێس هەوڵ دەدات بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە دوو بواری سەرەکیی هەڵبژاردن و بودجە ڕوون بکاتەوە و لەم گفتوگۆیەشدا ڕا و بۆچوونەکانی ئەحمەد حاجی ڕەشید، نوێنەری پێشووی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو دەکرێتەوە. دەقی دیمانەی کوردپرێس لەگەڵ ئەحمەد حاجی ڕەشید:

 

کوردپرێس: لە سەروبەندی هەڵبژادنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقداین. ئێستا دۆخی لایەنە کوردییەکان چۆن دەبینن، بە ڕای ئێوە ژمارەی دەنگدەر و هەروەها دەنگهێنانی لایەنە کوردییەکان لە ناوچە جێناکۆکان چۆن بەراورد ئەکرێت؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروو بە شێوەیێک لە شێوەکان ئەگەر بپرسین ئایا ئەوە چەندم هەڵبژاردنە لەو ناوچانا دەکرێت و ئەو یاسایەی کە لێوە بەرکارە جیاوازە لەگەڵ ئەو یاسایە کە لە هەرێم بەکار دەبردرێت چۆنە؟ لە ڕووی نەزەرییەوە ئەو یاسایە کە لەوێ بەرکارە چ بۆ هەڵبژاردن بێت و چ بۆ کاری ئەنجومەنەکان بێت؛ زۆر یاسایەکی پێشکەوتوو ترە لەو یاسایە کە لە هەرێم کاری پێدەکرێت.

تا ئێستا لە هەرێم لە ساڵی ۲۰۰۵ەوە هەڵبژاردنێک کراوە و لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱۴یش هەڵبژاردنێک کراوە واتا ۹ ساڵی یەکەم و ئەوە ئێستاش لە ۹ ساڵی دووهەمداین هێشتا هەڵبژاردن نەکراوە. ئەو هەڵبژاردنەش ئەگەر ئێستا بکرێت ئەوە چوارەم هەڵبژاردنە کە لە عێراق ئەکرێت. ئەمە خۆی بۆ خۆی شتێکمان پێ‌ئەڵێت کە کورد دەساودەس کردنی دەسەڵاتی بەلاوە ئەستەمە و ئەو دوو هێزە سیاسییەی کە دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە بوونەتە هۆی ئەوەی کە هەڵبژاردنەکان و دەساودەس کردنی دەسەڵات پەکی بکەوێت.

کوردپرێس: هەر وەک ئاگادارن ۱۳ حزبی کوردستانی داوای یەکلیستییان کردووە کە کۆمەڵی دادگەریش لەو لیستەدا بەشدارە، بە گشتی ڕاتان لەبارەی هەڵبژاردنەکان و ژمارەی دەنگدەران و هەروەها ئەو دەنگانە لایەنە کوردییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ئەگەری هەیە بیهێنن، چییە؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: سەبارەت بە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە ئێستادا کۆمەڵێک تەحالوفات دروست بووە بۆ نموونە لە ئێستادا تەقریبەن سونەکان ۴ تەکەتولن، ئەتوانین بڵێین هێزە کوردییەکان (ئەگەر ئەم تەحالوفەی لێدەرچێت کە هێشتا نەرکاوە تەنها داوای یەک لیستییان کردووە) وەزعیان زۆر شپرزە و ئەو ۱۳ هێزەی کە دوێنێ کۆبوونەتەوە تەنها کۆبوونەوەیەکی ئیستیشهادی بووە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە. چوونکە بە دڵنیاییەوە هێزە کوردییەکان ناتوانن لە یەک لیستدا بەتایبەتی ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر ساحەکە هەیە لانیکەم لە ئێستادا ناتوانن لە یەک لیستدا خۆیان  ببیننەوە بۆیە بە بڕوای من لە ناوچە جێناکۆکەکان نوێنەرانی کورد دەنگەکانیان پەرت و بڵاو دەبێت و ئەبێتە هۆی لاواز بوونی پێگەی هێزە سیاسییە کوردییەکان لەوێ، بۆیە ڕەنگە تەحەلوفاتی دیکە زیاتر بتوانن ئیستیفادە لەو بارودۆخە بکەن کە هەیە و پێگەی کورد ئەگەر حیساب بۆ نەتەوە بکرێت پێگەیەکی لاواز ئەبێت لەدوای ئەمە و ناتوانن ئەوەی لەوەو پێش هەبووە کە پارێزگاری کەرکووک سەربە هێزە کوردییەکان بووە لە شوێنەکانی دیکە بە شێوەیەک لە شێوەکان توانیویانە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا لە مووسڵ لە پێکهاتەی کورد بێت. لەم مەرحەلەیەدا بڕوا ناکەم بتوانن ئەو پێکهاتەیە بەدەست بێنن بۆیە وەزعی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان تا ئەو پەڕی شپرزی شپرزە

کوردپرێس: ئێوە وەکوو ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق خاڵی لاواز و خاڵی بەهێزی بوودجەی ۲۰۲۳ چۆن دەبینن و ئەو بڕگانەی کە لە مادەی ۱۳ زیاد کران و کاردانەوەی زۆری ئەرێنی و نەرێنیی بەدواوە بوو ڕاتان لەبارەیەوە چییە؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: تەبعەن بوودجەی عێراق لە قانوونی ئیدارەی مالی کە دەتوانین ناوی بنینە دەستووری مالیی عێراق و قانوونی ئەساسیی عێراقە لە ڕووی مالییەوە؛ دایناوە کە ئەتوانرێت بوودجە بۆ سێ ساڵ دیاری بکرێت. ساڵی یەکەم بە واجبە ئەبێت جێبەجێ بکرێت و ساڵی دووهەمیش قابل بە گۆڕانکارییە ئەگەر کەمییەی نەوت گۆڕانکاریی بەسەر هات و تبعەن داهاتەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و خەرجییەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بۆیە سەرەتا ئەوە یەکێکە لەو خاڵانەی کە وا جۆرێک لە بەهێزی ئەدات بە حکوومەتی فیدراڵی چوونکە لە حاڵەتێکدا ئەگەر وەزعێکی سیاسی بێتە گۆڕێ کە نەتوانرێت یاسای بوودجە تێپەڕێنرێت یاسای بوودجە لە پێشترەوە هەیە و قابل بە تەتبیقە بۆیە لە ساڵی ۲۰۰۴ و ساڵی ۲۰۱۴ و ۲۰۲۰ و ۲۰۲۲، لە عێراقدا یاسای بوودجە نەبوو کە ئەوە خەلەلێکی زۆر گەورە بوو.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی بوودجە ئەمە یەکەم بوودجەیە لە مێژووی عێراقدا کە ئەوندە خەمڵاندنی داهاتەکان زیاد بن و هەروەها خەمڵاندنی خەرجییەکان زیاد بن. بۆیە گەورەترین کورتهێنانی تێدایە کە ئەوە خاڵی لاوازیەتی و بوودجە لە ڕووی ستاندەرەوە بە بوودجەیەکی تندروست دانانرێت ئەگەر داهاتی زۆر تەخمین بکات و خەرجیی زۆر تەخمین بکات لە کاتێکدا کە دابەش کردنی بەشی تەشغیلی و بەشی ئیستیسماری ئەگەر باڵانسیان ڕێک نەبێت بوودجە جێبەجێ ناکرێت؛ لە بوودجەی عێراقدا لە ۲۰۰۵ بەدواوە تا ئێستا ڕێژەی ئیستیسمار زۆر کەمە لە چاو ڕێژەی تەشغیل و دوایی ناتوانرێت ئەو ڕێژەیە جێبەجێ بکرێت و هەمووی ئەبێتە تەشغیلی بۆیە ئەوەمەش خاڵی دووهەمی لاوازییەکە بوو.

خاڵی سێهەمی لاوازیی بوودجەی عێراق کورتهێنانە کە ۶۴ تریلیۆن دینارە ئەوە موخالفی قانوونی ئەساسی عێراقە کە قانوونی ئیدارەی مالییە و نابێت لەسەدا ۳ی ناتێجی ئیجمالی عێراق زیاتر بێت کە ئەبێت لە ۱۰ ترلیۆن زیاتر نەبێت بەڵام لە ئێستادا ۶۴ ترلیۆنە کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە. ڕێژەی دانەوە قەرزەکان ۱۲ تریلیۆن دینارە کە عێراق بە قەردر بوودجەی یەکێک لەو وڵاتانەی چورا دەور قەرزی لەسەرە. ڕێژەی قەرزەکانی عێراق زیاد لەحەد زیادی کردووە کە ئەمەش وادەکات ئابووریی عێراق سەقامگیری بەخۆوە نەبینێت و سەقامگیرییەکی پاشەکشەداری هەیە .

خاڵە بەهێزەکەی بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق ئەوەیە کە ئەتوانێت زیاتر نەوت دەربێنێت و ئیحتیاتی نەقدیی عێراقی گەیشتۆتە ۱۱۳ ملیار دۆلار کە ئەمە لەچاو ئەو نەقدەی کە هەیەتی ئەگرە لەوە زیاتری نەکەن ڕێژەیەکی ستاندەری جیهانییە.

سەبارەت بە پشکی کورد لە مادەی ۱۱و ۱۲ و ۱۳ ئەو فەقەرانەی کە زیاد کراون و هەرێم سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کردووە تەنها لە دوو فەقەرەدا دەتوانێت ئەو سکاڵایە لە بەرژەوەندیی هەرێم بێت ئەوەش ئەگەر مودافیعەکەیان کۆمەڵێک پارێزەری بەتوانا بن ڕێژەی ۱۲.۶۷ دانراوە کە ئەمەش زوڵمە. لە ساڵی ۲۰۰۹ تا ۲۰۱۹ من ئیحسائیاتی عێراقم لە وەزارەتی پلانی عێراق وەرگرتووە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان ۱۳.۹۲ واتا لە سەدا ۱۴یە.

سەبارەت بە دەستکاری کردنی هەندێک فەقەرە و مادە لەوەی کە ئەگەر ئیشکالێک لە بەینی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ دروست بوو پەرلەمان بڕیار بدات، نەخێر پەرلەمان بۆی نییە و جێگەی تەشیعییە و ئەیێت تەشیع بکات. ئەمەش موخالیفەی سیاسەی مالیە کە ئەبێت حکوومەت بڕیار بدات. ئەم دوو فەقەرە ئەتوانێت هەرێمی کوردستان لەسەریان لە دادگای فیدراڵی ئیجابیەت بەدەست بهێنێت بەڵام لە بابەتەکانی دیکە هەموو دەچێتە چوارچێوەی قانوونی ئیدارەی مالییە و نەوت ئیراداتێکی ئیتیحادییە، ضرایبی داهات ئیراداتێکی ئیتیحادییە و گەماریک (گومرگەکان) ئیراداتێکی ئیتیحادییە هەموو ئەمانە ئەبێت هەبێت و ڕادەستی خەزێنەی موحید بکرێت کە ئەوەش تەخسیربار هەرێمی کوردستانە قانوونی ئیداری مالیدا. زۆر داوامان لێکردن کە بێنە سەرخەت بۆیە قانوونی ئیدارەی مالی بەشێوەیەک دابڕێژرێت کە لە بەرژەوەندیی تەواوی گەلانی عێراق بێت و لە بەرژەوەندیی سیستەمی فیدراڵی بێت بەڵام بەداخەوە بە قسەیان نەکردین بۆیە ئیستا باجەکەی ئەدەن.

News Code 221874

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha