داهات و تێچووەکانی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمپانیای دیلۆیت، ئاماری بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، خەرجی و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ ۲۰۲۳ بڵاو کردەوە.

کوردپرێس:

بە پێی ڕاپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت، کۆی بەرهەمی نەوت ۳۶ ملیۆن و ۷۲۳ هەزار و ۴۷۵ بەرمیل نەوت بووە، بڕی هەناردەکردن ۳۲ ملیۆن و ۳۰۷ هەزار و ۳۸۲ بەرمیل و بڕی تەرخانکراویش بۆ پاڵاوگە ۴ ملیۆن و ۳۹ هەزار و ۲۳۲ بەرمیل بووە، هەروەها بڕی فرۆشی ناوخۆ  ۳۷۶ هەزار و ۸۶۱ بەرمیلە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە داهاتی گشتیی نەوت لە هەرێمی کوردستان ۲ ملیار و ۱۹۹ ملیۆن و ۶۸۴ هەزار و ۳۹۶ دۆلار بووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت ۶۷.۶۳۹ دۆلار بووە، لەم ڕێژەیەش داهاتی نەوتی ناوخۆ  ۲۲ ملیۆن و ۹۸ هەزار و ۴۵۶ دۆلار و تێکڕای نرخی بەرمیلێکیش ۵۸.۶۳۸ دۆلار بووە.

ڕاپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت ئەوەشی خستووەتە ڕوو، خەرجیی پڕۆسەی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، ملیارێک و ۲۵۳ ملیۆن و ۱۸۷ هەزار و ۲۵۴ دۆلار بووە و لەم ڕێژەیەش داهاتی ماوە بۆ حکومەت کە بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان کراوە، بریتی بووە لە ۹۴۶ ملیۆن و ۴۹۷ هەزار و ۱۴۲ دۆلار. وەک ئەوەی لە گرافیکی خوارەوە رونکراوەتەوە.

 لەم راپۆرتەدا ئەوە ڕووندەکەینەوە، کە نەوتی هەرێمی کوردستان تا چ ئاستێک هەزانتر فرۆشکراوە بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، تەنانەت نرخی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"ەوە، هاوکات تیشک خستنە سەر ئەوەی ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی گشتی نەوت لە چی ئاستێکدایە؟ ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی لە ڕێگەی بۆری هەرێمەوە هەناردە کراوە، کۆمپانیای سۆمۆ بیفرۆشتبایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟ بەتایبەت لە ڕووی داهاتەوە؟

هەڵسەنگاندنی فرۆشی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ۲۰۲۳، بە هەردوو شێوەی هەناردەکردن و فرۆشتنی ناوخۆ بڕی ۳۶ ملیۆن و ۷۲۳ هەزار و ۴۷۵ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە کە ۸۸%ی لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان و ۱۲%ی لەناوخۆدا ساغکراوەتەوە. کۆی ئەو نەوتەی فرۆشراوە بە تێکرای رۆژانە بریتی بووە لە ۴۰۸ هەزار و ۳۹ بەرمیل.

وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە تێکڕا لە ڕێگەی ناوخۆ و بۆرییەوە بەرمیلێک نەوتی بە ۶۳.۱۴ دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، لە ماوەی ناوبراودا بە تێکڕای بریتی بووە لە ۸۱.۱۸ دۆلار، بەم پێیەش حکوومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە ۱۸.۰۴ دۆلار کەمتر فرۆشتووە. هاوکات بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق هەر بەرمیلێک نەوت لە رێگەی "سۆمۆ"وە لە چارەکی یەکەمی ۲۰۲۳دا بە تێکڕا دراوە بە ۷۵.۵۵ دۆلارو بەراورد بەم نرخەش هێشتا نەوتی هەرێم بە ۱۲.۴۱ دۆلار کەمتر فرۆشراوە.

پاڵپشت بە داتاکانی دیلۆیت، کۆی ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە دەستکەوتووە، بریتی بووە لە ۲ ملیار و ۱۹۹ ملیۆن و ۶۸۴ هەزار و ۳۹۶ دۆلار. لە کاتێکدا ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێم فرۆشتوویەتی کۆمپانیای "سۆمۆ" بەو نرخەی خۆی نەوتی عێراقی پێ فرۆشتووە ساغیبکردایەتەوە کۆی داهاتەکەی بریتی دەبوو لە ۲ ملیار و ۷۷۴ ملیۆن و ۲۷۴ هەزار و ۹۱۹ دۆلار، واتە نەوتی هەرێم بڕی ۵۷۴ ملیۆن ۵۹۰ هەزار و ۵۲۳ دۆلاری زیاتر دەبوو لەو نرخەی ئێستای، ئەمە سەرباری ئەوەی تێچووی هەناردەکردنی نەوتی عێراق زۆر کەمترە لە تێچووی نەوتی هەرێم وەک لە ڕاپۆرتەکەی "دیلۆیت"دا هاتووە.

چوونکە ئاماژە بەوە دراوە، کە لە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی نەوتی هەرێمەوە بەدەستهاتووە، بڕی ملیارێک و ۲۵۳ ملیۆن و ۱۸۷ هەزار و ۲۵۴ دۆلاری بە ڕێژەی ۵۷% چووە بۆ خەرجییەکانی وەک؛ گۆڕانکاری لە ڕەسیدی حیساباتی کڕیاران، سودو رسوماتی پەیوەست بە کڕیاران، شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان، خەرجی و کرێی گواستنەوەی نەوت لە نێو خاکی تورکیا بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی TEC، خەرج و کرێی گواستنەوەی نەوت لە نێو خاکی هەرێم بۆ کۆمپانیای بۆری کوردستان KPC...، لە بەرامبەردا تەنها بڕی ۹۴۶ ملیۆن و ۴۹۷ هەزار و ۱۴۲ دۆلار و بە ڕێژەی ۴۳% گەراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکوومەتی هەرێم و بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان کراوە.

News Code 221844

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha